چین و روسیا ئەو كارە دەكەن یەكێتی ئەوروپا نەیتوانی بۆ قەڵاچۆكردنی كۆرۆنا بیكات

ڕاپۆرت

06/04/2020‌ 3587 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری " ئۆراسیا ئیكسپرت" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، كە دەقی دیدارێكە لەگەڵ شارەزایەكی چینی دەربارەی ئایندەی یەكێتی ئەوروپا، دوای ئەوەی نەیتوانی هاوكاری پێشكەشی ئەندامەكانی بكات لەرووبەرووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و ئەو كارانەی پەكین و مۆسكۆ ئەنجامیانداوە.

بەرێوەبەری نوسینگەی ئەوروپی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە ٢ی نیساندا وتی: ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەوروپا لەماوەی هەفتەیەكدا دوو ئەوەندە زیادیكردووە. 

لە هەمان كاتدا فشەڵی پێكەوە بوونی ئەوروپا لە رووبەرووبوونەوەی قەیرانەكەدا دەركەوت، دیارە ئەم بابەتە سكاڵای ژمارەیەكی سەكردەكانی ئەوروپییەكانە. 

لەو بارەیەوە، گۆڤاری ناوبراو گفتوگۆیەكی كردووە لەگەڵ پرۆفیسۆر چی گۆنگ جۆ مامۆستای زانستە سیاسییەكان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی بۆكنل بە ئەمریكاو پرسیاری ئەوەی كرد ڤایرۆسی كۆرۆنا چۆن كاریگەری دروست دەكات لەسەر ئابووری چین و ئەمریكا؟ دەتوانی هیچ ژمارەیەكمان بدەیتێ؟

لەوەڵامدا ئەو وتی: لە ئێستادا قورسە پێشبینی كاریگەری وردی ڤایرۆسەكە لەسەر ئابووری چین و ئەمریكا بە ژمارە بكەین، نازانین تا چ كاتێك ئەم قەیرانە تەندروستییە بەردەوام دەبێت، بەڵام هیچ گومانی تێدا نییە، ئابووری هەردوو وڵات زیانی قورسیان بەردەكەوێت.

وتیشی: بە تەماشاكردنی سروشتی پێكەوە بەستراوی ئابووری جیهانی نوێ و ئەو راستییەی، كە سەرجەم ئابوورییە مەزنەكان بەدەست ئەم پەتایەوە دەناڵێنن، ئەگەرەكانی باشبوونی خێرایی دۆخەكە زۆر ناڕوونە. 

هەروەها وتی: ئەم بابەتە بەلای كەمەوە چەندین ساڵی دەوێت تا جارێكی تر ئابووری جیهان سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت.

لەسەرەتادا، یەكێتی ئەوروپا هاوكاری ئەندامەكانی نەكرد لە رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، كەچی چین و روسیا هاتنە پێشەوە، ئەمە چۆن لە ئایندەدا كاریگەری لەسەر یەكێتی ئەوروپا و سیاسەتی نێودەوڵی دروست دەكات؟

هەر بەڕاستی، یەكێتی نێو ئەندامانی ئەوروپا بوونەتە بابەتی گومان، چونكە داوای یارمەتی لەلایەن ئەندامەكانییەوە هیچی لێ نەكەوتەوە، ئەمەش دەرگای بە روی چین و روسیادا كردەوە، ئەو رۆڵە ببینن، كە پێویست بوو یەكێتیەكە بیبینێت، ئەو شارەزایە وای وت.

دیارە دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا گورزێكی كوشندە بوو لەو یەكێتییە درا، دوای ئەوەش، یەكێتییەكە وەك دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتی، دەچێتە ژێر باری هەندێك گۆڕانكاری گرنگ لە ئایندەیەكی نزیكدا. لەهەمان كاتدا هەژمونی چین لە ئەوروپا بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لە رۆژهەڵات و باشووری ئەوروپا (لەگەشەكرندا). 

لە ئەنجامی ئەمەشدا، ژێر خانی دەسەڵات لە ئەوروپا بە شێوەیەكی بنەرەتی لە ئەوروپا دەگۆڕێت، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی ئەوروپا و چینیش گۆڕانكاری بەسەردا دێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا