پێنج كوتلەی شیعە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق كاندیددەكەن

عیراق

06/04/2020‌ 859 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێنج كوتلەی شیعە لە عێراق كە خاوەنی ١٠٦ كورسین لە كۆی ٣٢٩ كورسی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق، رێكەوتن لەسەر كاندیدیكردنی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی، مستەفا كازمی لەبری عەدنان زورفی بۆ پێكهینانی حكوومەتی نوێی عێراق.

سەركرد لە رەوتی حیكمەی نیشتمانی، حەمید مەعلە لەو بارەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لە ماڵی سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، هادی عامری كۆبوونەوەیەك بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەوڵەتی یاسا، رەوتی حیكمە، هەردوو كوتلەی نەهجی نیشتمانی و فەزیڵە بەڕێوەچوو.

حەمید مەعلە راشیگەیاند، لەمیانی كۆبوونەوەكەدا لایەنەكان رێكەوتن لەسەر كاندیدكردنی مستەفا كازمی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت لەبری عەدنان زورفی و داواكاری كاندیدكردنی كازمی ئاراستەی سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵح دەكەن، بەبێ ئەوەی هیچ روونكردنەوەیەكی یاسایی لەوبارەیەوە بدات.

هاوپەیمانی فەتح (٤٨ پەرلەمانتار)، دەوڵەتی یاسا (٢٦ پەرلەمانتار)، رەوتی حیكمەی نیشتمانی (١٩ پەرلەمانتار)، فەزیڵە (پێنج پەرلەمانتار) و نەهجی نیشتمانی (هەشت پەرلەمانتار)ن لە ئەنجوومەنی نوێنەران.

مستەفا كازمی، كەسایەتی سەربەخۆیەوە و سەر بە هیچ هێزێكی سیاسیی نییە، لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦ پۆستی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی لە سەردەمی سەرۆكوەزیرانی پێشتووتر، حەیدەر عەبادی، وەرگرتووە و تا ئێستا لەو پۆستەدایە.

لە ١٦ی ئاداری رابردوو، سەر‌وك كۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، عەدنان زورفی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ راسپارد دوای ئەوەی حزبە شیعییەكان شكستیان هێنا لە پێشكەشكردنی كاندیدێك بەپێێ ئەو وادە دەستورییەی لەبەردەمیاندا بوو كە ١٥ رۆژە، دوای ئەوەی راسپێردراوی پێشوو، محەمەد تۆفیق عەللاوی نەیتوانی متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت و كشانەوەی لە راسپاردنی راگەیاند.

زورفی سەركردە لە هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیرانی پێشوو، حەیدەر عەبادی بەوە ناسراوە كە دژی دەستوەردانی دەركییە لە كاروباری ناوخۆی عێراق.

هاوپەیمانی نەسڕ خاوەنی ٤٢ كورسییە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، هاوكات زورفی لەلایەن زۆرینەی هێزە سوننییەكان لەسەروویانەوە هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی (٤١ كورسی) پاڵپشتی دەكرێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە تا ئێستا فراكسیۆنە كوردستانییەكان (٥٦ كورسی) هەڵوێستی خۆیان لەبارەی دەنگدان یان نەدان بە زورفی رانەگەیاندووە.

بەپەلە