هۆشداری لەبارەی رێژەی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەئێران دەدرێت

جیهان

06/04/2020‌ 938 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
د. كیانووش جیهانپوور وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، لەكۆی 189.790 پشكنین، كە لە زیاتر لە 95 ناوەندی پشكنینەوە لەدوێنێوە تا ئەمڕۆ (24 سەعات) لەوڵاتدا  دەرچووە، 2274 تووشبووی دڵنیایی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەئێران تۆماركراوە و كۆی گشتی تووشبووان بەڤایرۆسەكەش، بۆ 60.500 كەس لەوڵاتدا بەرزبووەتەوە.

ئەو راشیگەیاند، بەگشتی لەماوەی 24 سەعاتی ڕابردوودا 136 كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە و كۆی گشتی كۆچكردووانی ڤایرۆسەكەش لەئاستی وڵات بە 3.739كەس گەشتووە.

جیهانپور لەبارەی ئاماری چاكبووان لەڤایرۆسی كۆرۆنا لەئێران ڕایگەیاند، لە ئێستادادۆخی چاكبووان بەرەو گەشەكردنێكی باش دەڕوات و 24.236 كەس نەخۆشییەكەیان پەڕاندووەو چاكبوونەتەوە.

هەروەك ڕوونیشیكردەوە، لەئێستادا نزیكەی 4083 بەهۆی دۆخی ناجیگیریان لە تووشبوون بەڤایرۆسەكە لەبەشی چاودێری چڕدا خەوێنراون، بۆیە داوای پابەندبوونی زیاتر لە هاوڵاتیانمان دەكەین.

ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی ئێران لەكاتێكدایە، بەرپرسانی هەندێك لە پارێزگاكانی ئێران ڕایدەگەیەنن، گەر هاووڵاتیان هاوكاری كەرتی تەندروستی وڵات نەكەن، هەر‌ئان و ساتێك ڕەنگە دۆخی خراپ و مەترسیدارتر  لەچاوەڕوانی وڵاتدا بێت، بەوپێیەی ڤاكسین و پێكوتەی نەخۆشییەكە لەئێستادا بوونی نییەو بەس هەنگاوی خۆپارێزی و پێشگیریانە چارەسەری بڵاو نەبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكەیە.

وەرگێڕان: یاسین نادر