شیعەكان بۆ شكستپێهێنانی زورفی كازمی دەهێننە پێشەوە

ڕاپۆرت

07/04/2020‌ 911 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كێشمە كێشمی سیاسی شیعەكان لە بەغدا لە هەڵكشاندایە،‌ ئەمەش بۆ ڕێگریكردن لەمتمانەدا بە عەدنان زورفی، كە داوای لە پەرلەمان كردووە دانیشتنێك بۆ دەنگدان لەسەر كابینە و پرۆگرامە وەزارییەكەی ساز بكات.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لە ماڵی هادی عامری سەرۆكی ڕێكخراوی بەدەر و ماڵی عەمار حەكیمی سەرۆكی ڕەوتی حیكمە، زنجیرەیەك كۆبوونەوە بەڕێوەچوون بۆ تاوتوێكردنی چارەنووسی زورفی  و توانستی دانانی جێگرەوەیەك بۆی، ئەنجام كۆبوونەوەكان سازان بوو لەسەر پاڵاوتنی مستەفا كازمی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و ئەمەشیان گەیاندووەتە‌ بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار.

هەر چەندە نوێنەرانی ڕەووتی سەدر ئامادەی كۆبوونەوەكانی ماڵی عامری و حەكیم نەبوون، بەڵام بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار، سەدر بە حەكیمی وتووە: بەردەوامبوون لە پشتیوانی زورفی بێ سوودە.

شیعەكان دەڵێن: زورفی پاڵێوراوی دەزگای هەواڵگری ئەمریكایە، بە یارمەتی واشنتۆنیش ئامانجی پاكتاوكردنی هێزە نزیكەكانی ئێرانە، دڵدانەوە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی زورفی لەو‌ چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەس نەبوون بۆ كاڵكردنەوە و نەهێشتنی ڕەتكردنەوەی هەڵوێستی توندی شیعەكان لە بەرانبەریدا.

سەرچاوەكان دەشڵێن: سەدر لەوبارەوە قسەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح كردووە و كۆدەنگی شیعەكانی پێڕاگەیاندووە، تا سەرۆك كۆمار دەستوەردان بكات و باوەڕ بە زورفی بێنێت دەستبەرداری ڕاسپاردنەكەی بێت و ڕێگەش بۆ كازمی خۆش بكات، بەڵام نوێنەرانی سەدر واژووەیان لەسەر داوای پاڵاوتنی كازمی نەكردووە.

حەیدر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر – یش، كە زورفی لە هاوپەیمانییەكەی دایە، ئامادەی ئەو كۆبوونەوەانە نەبووە.

هاوپەیمانی نەسر بە ئاشكرا داوای كردووە هەلی تەواو ببەخشنە زورفی بۆ تەواوكردنی ئەركی ڕاسپاردنەكەی، بەڵام سەرچاوەكان دەڵێن: عەبادی بە فراكسیۆنە شیعەكانی وتووە، هەوڵی باوەڕپێهێنانی زورفی دەدات بە دەستبەرداربوون لە ڕاسپاردنەكەی.

هەروەها تیمی نزیك لە زورفی سەرۆك وەزیری ڕاسپێردراو دەڵێن، كە بە ڕەهای كشانەوە لە فەرهەنگی زورفیدا نییە و كابینەكەشی بۆ دەنگ لەسەردان دەباتە پەرلەمان.

چاودێران سەریان لە سازانی هێزە شیعەكان سوڕماوە لەدۆزینەوەی جێگرەوەیەك بۆ زورفی، كە بە نزیكی لە ئەمریكا تۆمەتباری دەكەن، جێگرەوەكەشیان مستەفا كازمییە، كە تۆمەتبارە بە پلانداڕێژی و پشكداری لە كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشێكی ئاسمانی لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا.

چاودێران وای بۆدەچن تاكتیكی ئێستای لایەنە نزیكەكان لە ئێران بەكارهێنانی كازمییە بۆ شكستپێهینانی زورفی، دواتر ئەویش شكستپێدێنن، بەمەش لە هەردوو كەسایەتییەكە ڕزگاریان دەبێت، كە پەیوەندی بەرفراوانیان لەگەڵ ئەمریكا و ڕۆژئاوا و كەنداوییەكاندا هەیە.

تیمەكەی زورفی هۆشداریان لە بارەی ئەو سیناریۆ شیمانەبۆكراوە داوە، كە مستەفا كازمی نەخرێتە ناو گەمەكەوە بۆ شكستپێهێنانی زورفی، چاودێرێكی سیاسی عێراقیش دەڵێت: هێنانەپێشەوەی كازمی وەك جێگرەوەیەكی زروفی، بژاردەیەكی جدی هێزە شیعەكان نییە و تەنیا گەمە و قۆرتوقولاپە‌.

چاودێرەكە هۆكاری ئەو گەمە و قۆرتوقولاپە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، كە خودی كازمی بە هەمان شێوەی زروفی، تۆمەتی نزیكایەتی ئەمریكای دارواتەپاڵ لەلایەن هێزە شیعەكانەوە.

لەو بەینەشدا لە باشووری شاری بەسڕە،‌ هەروەك وەزارەتی نەوتی عێراقی ڕایگەیاندووە، پێگەیەكی ستراتیژی كۆمپانیایەكی ئەمریكی كراوەتە ئامانجی چوار موشەك، كە نازانرێت كێ هاویشتوونی.

سەرچاوە ئاگادارەكان لەو بارەوە دەڵێن: دەكرێت گروپە شیعە چەكدارەكان تەنانەت لە ئێرانیش یاخیبن و هەر ئەوانیش لەپشت ئەو هێرشانەوەن، دەشڵێن ئامانجی هێرشەكە دروستكردنی كاریگەرییە لەسەر دانوستانەكانی ئێستای پێكهینانی حكومەت بە مەبەستی تێكدانی پڕۆسەكە و هەڵوەشاندنەوەی پاڵاوتنی كازمی، كە بە پیاوی ئەمریكا لە عێراق تۆمەتباری دەكەن.

هاوپەیمانی فەتح، كە سەركردایەتی هێزە شیعەكان دەكات بۆ شكستپێهێنانی زورفی رایگەیاند: بە نیگەرانییەكی زۆرەوە گوێبیستی ئەو هەوڵە تێكدەرانە بوون لە بەئامانج گرتنی كۆمپانیا نەوتییەكەی ئەمریكا‌ لە ناوچەی بەرجسیەی‌ لە بەسڕە.

سەرباری كۆدەنگی شیعەكان لە دژایەتیكردنی، كەچی زورفی بەردەوامە لە ناردنی پەیامی دڵنیایی بۆ ئێران و لایەنە هاوپەیمانەكانی. زورفی دەڵێت: داوای لە باڵوێزی ئەمریكا كردووە خشتەی كاتی كشانەوەی هێزەكانیانی لە عێراق بخەنە بەردەست، جەختی لەوەشكردووەتەوە، عێراق پێوستی بە هێزی دەرەكی نییە بۆ پاراستنی و هێزەكانی خۆیان دەتوانن وڵات بپارێزن.

چاودێران ئەوەش دەڵێن زورفی كۆششی بەرەنگاربوونەوەی فشارە زۆرە‌كانی لایەنە شیعەكان دەكات بۆ شكستپێهێنانی، بەوەی خۆی لەئێران نزیك بكاتەوە، لەمەشیاندا پەنای بۆ پرسە هەستیارەكە بردووە كە وەدرنانی هێزەكانی ئەمریكایە لە عێراق كە مایەی ڕەزامەندی ئێرانییەكانە. 

زورفی گەرەكییەتی چالاكییەكانی ئەمریكا لە عێراق پێچەوانە بكاتەوە لە سەربازییەوە بۆ ئابووری، چونكە پێی وایە بوونی سەربازی بیانی لەم قۆناغەدا بۆ عێراق هیچ سودێكی نییە.

زورفی وتیشی: دژمنایەتی لەگەڵ ئێراندا نییە و ڤیتۆی ئێرانیشی لەسەر نییە، كە ئێران دەوڵەتێكی هاوسێ و دۆستە و چاكەكانی لە بیرناكەین و لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە یارمەتیدەری عێراق بووە.

هەروەها پشتیشی بە پەرلەمانتارە شیعەكان قایمە، كە لە دەرەوەی فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمان دەنگی پێبدەن، بەڵام پێویستی بە پشتیوانی لایەنە كوردی و سونییەكانیش هەیە، كە مسۆگەر نییە.

سەرچاوەكان دەڵێن محەمەد حەلبوسی، كە سەرۆكایەتی گەورەترین فراكسیۆنی سونی دەكات، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە گەورەترین هێزی هەرێمی كوردستانە، هیچ دژایەتییەكیان بۆ پاڵاوتن و ڕاسپاردنی زورفی دەرنەبڕیووە، بەڵام لەسەر ئەوە كۆك و تەبان ئەگەر زروفی پشتیوانی لایەنە شیعەكان مسۆگەر نەكات و ئەوان لەسەری نەسازێن، ئەوكات ئەوانیش پشتیوانی ناكەن.

چاودێران باس لەوە دەكەن، كە هەلەكانی بەختی زورفی زۆر لاواز بوون، بەڵام بە یەكجاری لەبەین نەچوون، ئەمەش‌ واتای ئەوەیە، كە پرسەكە لە دانیشتنە پەرلەمانییەكەی بەخشینی متمانە بە كابینەكەی یەكلایی دەبێتەوە.

لەو بارەوە چاودێرك دەڵێت: خستنەڕووی ناوی كازمی تەنیا بۆ كات كوشتن و پیادەكردنی فشاری زیاترە بۆسەر زورفی، تا داشكاندنی زیاتر پیشكەشی فراكسیۆنە سیاسییەكان بكات كە فەتح سەرتۆپیانە.

چاودێرەكە پێشبینی ئەوەش‌ دەكات، كە هەڵوێستی نادیاری سەدر پێنوێنە لەسەر ئەوەی هێشتا حیزبە شیعەكان هەڵوێستی كۆتایی خۆیان لە بارەی زورفییەوە ڕانەگەیاندووە.

چاودێرەكە پێیوایە پاڵاوتنی كازمی ئەوە دەگەیەنێت، كە سەبەتەی هێزە شیعەكان بەتاڵ بووە لە پاڵێوراوەكانی نزیك لە ئێران، بۆیە ئێستا داواكارییەكەیان ئەوەیە پاڵێوراوێك بەربژێر بكەن، كە كەمترین نزیكایەتی بۆ ئەمریكا هەبێت، یاخود فشاركردنە بۆ سەر زروفی بۆ هێشتنەوەی هەژموونی حیزبە شیعەكان بەسەر چەند وەزارەتێكی سیادییەوە، كە هیچ گۆڕانكاری تێیاندا ڕوونەدات‌، ئەمەش دەبێتە تەوەری سەرەكی پێكهێنانی حكومەتەكەی زورفی لە وەرگرتنی متمانەی پەرلەمانی.

چاودێرەكە بە دووری نازانێت پەرلەمانتارانی شیعە لە دەرەوەی فراكسۆنەكانیان متمانە بە حكومەتەكەی زورفی ببەخشن، تا فراكسیۆنەكانیان تووشی ڕووگیری نەكەن، كە ناتوانن ڕاشكاوانە هەڵوێستی خۆیان لە بارەی زورفی- یەوە دەربڕن، چونكە لە قۆناغی ئایندە زورفی ئەو‌ هەڵوێستەیان بۆ دەخاتە ناو نانێكی گەرمەوە، بە تایبەتی لەو بڕیارانەی، كە پەیوەستن بە دەستبردن بۆ بەرژەوەندی حیزبە سیاسییەكان.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر