شارپرێس:
روسیا نزیكەی ٥٠ ئۆتۆمبیلی سەربازی رەوانەی خاڵە سەربازییەكەی كرد لە قەزای قامشلۆ سەر بەپارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان.
ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە، دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی لەلایەن توركیاوە لە رۆژهەڵاتی فورات، روسیا بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ بەهێزكردنی پێگەی سەربازی خۆی لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا.
سەرچاوە خۆجێیەكان ئاماژە بەوە دەدەن، كاروانێكی سەربازی روسیا، كە لە نزیكەی ٥٠ ئۆتۆمبیل پێكهاتبوون دوێنێ لە قەزای عەین عیسا سەر بە پارێزگای رەققەوە بەڕێ كەوتن و دوای ئەوەی گەیشتنە ناحیەی تەل تەمر، كە هاوسێی باشووری رۆژهەڵاتی ناوچەی كانی ئاشتی-یە، بەرەو شارۆچكەی قامشلۆ ئاراستەیان گرت.
كاروانەكە، كە لە ئۆتۆمبیلی گولـلەنەبڕ، زرێپۆش و تانك پێكهاتبوون لە بنكەی سەربازیی روسیا لە فڕۆكەخانەی قامشلۆ، كە دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شارۆچكەی قامشلۆ جێگیر كران.
روسیا، دوای ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی خانووە ئامادەكراوەكانی لە خاڵە سەربازییەكەی لە فڕۆكەخانەی قامشلۆ زیاتر كردوون، بەر لە رەوانەكردنی كاروانەكەی دوێنێ بەلانیكەم بە ٢٠٠ سەرباز، دەیان زرێپۆش و تانك و شەش فڕۆكەی سەربازی نمایشی دەكرد لە ناوچەكە، ئەو بەرپرسە باڵا سەربازییە روسییانەی لە خاڵەكە ئەركدارن لەو ڤێلایانەدا دەژین، كە لە ناوچەكە دەستیان بەسەردا گرتووە.
چاوەڕوان دەكرێت رەوانەكردنی ئەم هێزەی روسیا بەمەبەستی گوشار خستنە سەر هێزەكانی ئەمریكا بێت لە كێڵگەی نەوتی رومەیلان رۆژهەڵاتی قامشلۆ.
هـ ـ ح