چی ڕوودەدات ئەگەر پەرلەمانی عێراق نەتوانێت دانیشتنی متمانەدان بەكابینەكەی زورفی ڕێكبخات؟

عیراق

08/04/2020‌ 1094 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی تەمیمی پسپۆڕی یاسایی ئەو ڕێكارە یاساییەی روونكردووەتەوە، كە دەگیرێتەبەر ئەگەر هاتوو ئەنجوومەنی نوێنەران نەیتوانی دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە كابینە وەزارییەكەی عەدنان زورفی گرێبدات.

تەمیمی لەلێدوانێكدا وتی: بەپێی ماددەی ٧٦ ی دەستوور، راسپێردراو ٣٠ رۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی كابینەوەی حكومەت و كارنامەكەی بخاتە بەردەم پەرلەمان، ئەگەر بێت و بتوانێت لەو ماوەیەدا ئەو كارە بكات ئەوە پابەندی سەرشانی ئەو لادەچێت و تۆپەكە دەكەوێتە گۆرەپانی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە.

تەمیمی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ئەگەر بێتوو پەرلەمان نەتوانێت دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە كارنامە و كابینەی نوێی حكومەت گرێبدات ئەوە گرفتی عەدنان زورفی سەرۆك وەزیری راسپێردراو نییە، لەبەر ئەوەی ئەو لەماوەی دەستووریدا پابەندی خۆی بەجێهێناوە.

بەقسەی ئەو پسپۆرە یاساییە دەكرێت لەچوارچێوەی بازنەیەكی داخراودا دانیشتنی پەرلەمان بە ئۆنلاین بەڕێوە بچێت، وەك چۆن لوتكەی بیست لەڕێگای ئۆنلاینەوە گرێدرا.

ئەو روونیكردووەتەوە، كە پەرلەمان پێویستی بەوەیە دانیشتنێك ساز بكات و بە متمانەدان، یان رەتكردنەوەی كابینەكەی زورفی دەنگ بدات نەك رۆیشتن بە ئاراستەی تەواونەكردنی ڕێژەی یاسایی بۆ پیشاندانی نارەزایەتی، بەتایبەت كەسی راسپێرداو بۆ تەواوكردنی ڕێژەی یاسایی پێویستی بە زۆرینەی سادە هەیە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی