پارێزگاری نەینەوا: بارزانی بەڵێنەكانی لەبارەی ئاوارەكانی مەخموور و زوممار نەبردە سەر

کوردستان

09/04/2020‌ 1031 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، لەكاتی خۆیدا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی مەخموور و زوممار بەڵێنی پێداوە، بەڵام دواتر بەڵێنەكەی نەبردووەتە سەر .

جبووری لەگفتوگۆیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید" وتی: مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەبارەی گەڕانەوەی خەڵكی شارۆچكەكانی مەخموور و زومماف بەڵێنی پێداوە، بۆ ئەوەش خشتەیەكی كاتی دەستنیشانكردووە، بەڵام ئەو ماوەیە كۆتایی هات و هیچ گۆڕانكارییەكیش رووینەدا.

ئەو وتیشی: لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە بارزانی دەكەین، كە ئەو لیژنانەی بۆ ئەو مەبەستە دروستكراون رابسپێرێت هەنگاوەكانی گەرانەوەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە كار بەكەن، بەتایبەت بەشێك لەو خەڵكانە لە كامپەكانی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن.

هەروەها هیواشی خواستووە، كە لەگەڵ كۆتایی هاتنی قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەچاوی خۆیان گەڕانەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە ببینن و بارزانیش ئەو بەڵێنەی بەوانیداوە بیباتە سەر.

سەبارەت بە ئاسایشی ناوچەكە و پارێزگای نەینەوا جبووری ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئێستا سوپای عێراق بەشێوەیەكی چڕ لە ناوەندی شاری سەنگال و ناوحیەی سنوونێ جێگیر كراون، ئەوەی لەبارەی بوونی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە دەوترێت تەنیا پەیوەندی بە چیای سەنگالەوە هەیە نەوەك بە ناوەندی شاری شەنگال.

دوای داگیركردنی شاری موسڵ و دەشتی نەینەوا لەلایەن رێكخراوی داعش لە ساڵی ٢٠١٤  بەشێكی زۆری خەڵكی ناوچەكە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، لەدوای دووبارە ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانەش هێشتا بەشێكی زۆری دانیشتووانەكەی بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە پێویستەكان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان نەگەڕاونەتەوە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی