روسیا ئەمریكا بەدانانی پلانی دوژمنكارانە بۆ دەستگرتن بەسەر بۆشایی ئاسمان‌و هەسارەكان تۆمەتبار دەكات

جیهان

09/04/2020‌ 504 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
روسیا ئەمەریكا و دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەكات بەوەی پلانی دوژمنكارانەیان هەیە بۆ دەستگرتن بەسەر بواری بۆشایی ئاسمان و هەسارەكانی تر.

رۆژی سێشەممە ئاژانسی بۆشایگەری روسی "روس كۆسمۆس" لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا فەرمانێكی واژووە كردووە، كە تێیدا پشتیوانی دۆزینەوە و دەرهێنانی ماددەكانی سەر مانگ و تەنە ئاسمانییەكانی تر دەكات بۆ ئامانجی بازرگانی. 

هەروەها رایگەیاندووە، بەوپێیەی بۆشایی ئاسمان موڵكی هەموو مرۆڤایەتییە، بۆیە ئاژانسە روسییەكە دژایەتی خۆی بۆ ئەو هەنگاوەی ئیدارەی ئەمەریكی دەربڕیوە.

لەو بارەیەوە سێرگی ساڤیلییڤ یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی بۆشاییگەری روسی لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، هەوڵەكانی دەستبەسەرداگرتنی بواری بۆشایی ئاسمان و پلانی دوژمنكارانەی تایبەت بەكۆنترۆڵكردنی كرداریانەی زەوی و هەسارەكانی تر هانی وڵاتان نادات بۆ هەماهەنگی بەرهەمدار.

هەروەك رایگەیاندووە، مێژوو چەندین بڕیاری ئەو وڵاتانەی بەخۆوە بینیوە، كە بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەستبەسەر زەوی و زاری وڵاتانی تردا بگرن، بەڵام هەموو لایەك دەزانن ئاكامیان چی بووە.

هەرچی دیمیتری بیسكۆڤی وتەبێژی سەرۆكایەتی روسیایە لەبارەی ئەو فەرمانەی ترامپەوە رایگەیاندووە، هەر جۆرە هەوڵێكی بەتایبەتكردنی بۆشایی ئاسمان قبووڵ ناكرێت.

رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا فەرمانێكی دەركرد بۆ دەرهێنانی ماددەكانی سەر مانگ و هەسارەكانی تر بەوپێیەی بەپێی فەرمانەكە بۆشایی ئاسمان موڵكی هەموو مرۆڤایەتی نییە، هەروەك هانی دامەزراوەكانی كەرتی تایبەتی داوە لەوبوارەدا كار بكەن.

ترامپ لەو فەرمانەدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە بواری بۆشایی ئاسمان لەهەردوو رووی یاسایی و پراكتیكییەوە بوارێكی دەگمەنە بۆ چالاكییەكانی مرۆڤ، ئەمەریكاش پێیوانییە ئەو بوارە موڵكی هەموو مرۆڤایەتی بێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ترامپ مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی راسپاردووە بەوەی دژایەتی هەر هەوڵێك بكات، كە لەلایەن هەر دەوڵەتێك، یان رێكخراوێكی نێودەوڵەتییەوە بدرێت بۆ چاوخشاندنەوە بەبەڵگەنامەی چالاكییەكانی سەر مانگ و تەنە ئاسمانییەكانی تر.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی