ئابڕووبەرەكەی بێل كلینتۆن كۆچی دوایی كرد

لە میدیاکانەوە

09/04/2020‌ 3454 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان غەفوور
لیندا ترایپ فەرمانبەری مەدەنی پێشووی كۆشكی سپی، رۆژی 9ی نیسان لە تەمەنی 70 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

خاتوو ترایپ ئابڕووهەڵماڵەرەكەی كۆشكی سپی، كە توانی پەیوەندی سێكسی نێوان بێل كلنتۆنی سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا و مۆنیكا لیونسكی سكرتێرەكەی، ئاشكرا بكات، لە ماڵەكەی خۆیدا كۆچی دوایی كردووە.

ساڵی 1998، بەهۆی ئەم ئابڕووچوونەوە ئەنجوومەنی نوێنەرانی مەلەفی (ئیمپیچمێنێت- لەكارخستنی سەرۆك)یان بۆ كلنتۆن كردەوە.

هەواڵی مردنەكەی لەسەر زاری رەیان ترایپ، لەلایەن رۆژنامەی زە نیویۆرك پۆست-ەوە بڵاوكراوەتەوە، رەیان دەڵێت: "مردنی دایكی پەیوەندی بە كۆرۆنا ڤایرۆسەوە نییە، وەك هەندێك لە میدیاكان باسی دەكەن، بەڵكو دایكم ماوەیەكە نەخۆشە و تەندروستی باش نییە".

هەروەها دیان سبریدبیری هاوڕێی چەند ساڵەی ترایب بۆ رۆژنامەی دەیلی میل وتویەتی: ترایب ماوەیەكی زۆرە بەدەست شێرپەنجەی پەنكریاس-ەوە دەناڵێنێت.

ترایب پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ نووسینگەی كاروباری گشتی پێنتاگۆن، سكرتێری نووسینگەی راوێژكاری كۆشكی سپی بوو لە ساڵی یەكەمی سەرۆكایەتی بیل كلنتۆن-دا و وەك هاوڕێی مۆنیكا لیونسكی 24 ساڵ -ی سكرتێری كلنتۆن خۆی پێناساندووە.

بەهۆی پەیوەندی نزیكایەتی نێوان ترایب و لیونسكی توانیویەتی پەیوەندییەكی سێكسی بێل كلنتۆن و لیونسكی بەنهێنی لەرێگەی قسەكردنی لیونسكی خۆیەوە تۆمار بكات. 

دواتر شریتە تۆماركراوەكە رادەستی كینیس ستار راوێژكاری سەربەخۆ، دەكات تا لێكۆڵینەوەی تێدا بكات، ترایب گرەنتی وەرگرت، كە حەسانەی هەبێت بۆ ئەوەی كە لەرووی یاساییەوە كارەكەی نایاسایی نەكەوێتەوە.

دواجار، كلینتۆن توانی سەركەوێت لەو داوایەی دژی بەرزكرابووەوە و ساڵی 2001یش توانی لیندا ترایب لە فەرمانبەری لە پێنتاگۆن دورخاتەوە.

ترایب لەگەڵ مێردەكەی لەدەرەوەی واشنگتۆن و لە میدلبۆرگ لە ویلایەتی ڤێرجینیا ژیان بەسەر دەبرد.