كۆرۆنا جیهان وێران دەكات؟
دەوڵەمەندەكانی ئەمریكا ژێرزەمینە تایبەتەكان دەكڕن

لە میدیاکانەوە

09/04/2020‌ 2382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری "غازیتا رۆ" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی هۆكارەكانی كڕینی ژێرزەمینی ناوازە لە ئەمریكا.

بەپێی راپۆرتەكە، ملیۆنەرەكانی ئەمریكا ئامادەی ئەوەن بچنە نێو ئەو  ژێرزەمینە ناوازانەی، كە بۆ ماوەی شەش مانگ دەتوانن تێیدا بژین.

لەو بارەوە گۆڤاری "فۆرپس" ئاماژە بۆ ئەوە دەكات داواكاریەكی زۆر لەسەر ئەم جۆرە شوێنە ناوازانە هەیە و خاوەنی كۆمپانیای ریسینگ بۆنكێرس بەناوی (غاری لینش) وتویەتی: داواكاری لەسەر ئەو شوێنانەی لەژێر زەمیندان بە رێژەی ٢٠٠٠% بەرزبووەتەوە.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، بەڵام هۆكاری گەڕان بەدوای شونێكی ئارامدا ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە، بەڵكو ئەوەیە ملیۆنەرەكانی ئەمریكا لە تەقینەوەی دۆخی كۆمەڵایەتی دەترسن بەهۆی ڤایرۆسەكەوە. 

لینش لەو بارەوە دەڵێت: كارمەندەكانمان بە شێوەیەكی بنەڕەتی تەنیا بەدوای پارێزگاریدا دەگەڕێن، گرنگ نییە چی لە وڵاتدا روودەدات، جەنگ بێت یاخود زەمین لەرزەیەكی كارەساتبار، هەروەك ئەوەی لە سەدەی نۆزدە لە نیو مەدریدا روویدا، بڵاوبنەوەی پەتای جیهانیی وەكو ئەوەی ئێستا هەیە، لەوانە گرنگتر ئەوەیە كە خۆمان دەبینینەوە لەسەر لێواری هەرەسهێنانی كۆمەڵگەدا، ئەمەش مەترسیەكی راستەقینەیەو هەڕەشەمان لێ دەكات.

وتیشی: لە راستیدا ئێستا شوێنێك پێویستە بۆ ئەوەی پارێزراو بیت لە ئەگەری توڕەبونی هاوڵاتیان، ئەم ژێرزەمینانە ماوەیەكی زۆر بەر لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا كڕدراون. 

ژێرزەمینە ئامادەكراوەكە بریتییە لە ١٤٠ مەتری چوارگۆشە و دەكەوێتە ویلایەتی ئۆهایۆ و بە شێوەیەك دروست كراوە، كە خێزانێكی پێنج كەسی بتوانن بە ئاسانی بۆ ماوەی شەش مانگ تێیدا بژین.

ژێر زەمینەكە نزیكەی یەك ملیۆن دۆلاری تێچووە، دیارە ئەمەش گرانترین ژێرزەمین نییە لە ئەمریكادا و تێچووی ئەو ژێرزەمینانەی، كە كۆمپانیای ناوبراو دروستیان دەكات نرخەكەیان لەنێوان ٤٠ هەزار دۆلار و ٨.٥ ملیۆن دۆلاردان.

دروست كردنی ژێر زەمین بابەتێكی نوێ نییە لە ئەمریكادا و لەگەڵ هاتنە سەر كاری دۆناڵد ترامپدا دەستی پێكردووە و ملیۆنەرەكانی ئەو وڵاتە ڕاڕابوون و نەیانتوانی پێشبینی ئەنجامەكانی دەرچوونی ترامپ بكەن و لەوە دەترسن سەرۆكەكەیان جەنگی جیهانی سێیەم دەست پێ بكات.

هەروەها لینش بۆ تۆڕی سی ئێن ئێن وتویەتی: دوای هەڵبژاردنی ترامپ لە ساڵی ٢٠١٦، داواكاری لەسەر ژێر زەمین بە رێژەی ٧٠٠% زیادی كرد بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٥دا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا