یەكێتی بەتوندی وەڵامی پارێزگاری دهۆك دەداتەوە

کوردستان

19/05/2020‌ 4220 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەی فەرمی یەكێتی نیشتمانی بەتوندی وەڵامی پارێزگاری دهۆكی دایەوە، كە هاوسەرۆكی ئەو حیزبەی تۆمەتباركردبوو، بەئەنجامدانی خۆپیشاندانەكان.

لەوەڵامەكەدا هاتووە: كەناڵە رەسمییەكانی راگەیاندنی پارتی دەقی كۆنگرەیەكی داخراوی پارێزگاری دهۆكیان  بڵاوكردەوە، كە پارێزگار لە جیاتی وەڵامدانەوەیەكی دەستبەجێ و قەناعەتپێكەر بۆ رەوشی بادینان و ماجەرای سەركوتكردنی داخوازی مامۆستایان و هاووڵاتیانی مەدەنی، بەڕاست و چەپدا تۆمەتی سیاسی بەشییەوە. 

هەر لەوەڵامەكەدا هاتووە: بەشی زۆری تۆمەتەكانی رووی لە سەركردایەتی یەكێتی و بەتایبەتیش لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆك بوو.

پێگەی فەرمی یەكێتی رایگەیاندووە، هەموو كەس تێدەگا ئەم تۆنی قسەكردنە تۆنی رەوتێكە لە ناو پارتی، كە حەز بە ئاشتی نێوماڵی كوردی و پەیوەندی ئاسایی نێوان هێزەكانی كوردستان ناكات و دەیەوێت هەر دەستپێشخەریییەكی پارتی بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ یەكێتی لەبار ببات و هەمووان بگەرێنەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.

هەروەها رایگەیاندووە، ئەمەش خوێندنەوەیەكی هەڵەیە، چونكە هەموو خەڵكی كوردستان دەزانن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لەسەنگەری داخوازی و پێویستی جەماوەرەوە بەشدارە لە حكومڕانی كوردستان و خۆی لە شاندانەبەر ئەركی خزمەت و بەرپرسیارێتی نەدزیوەتەوە نادزێتەوە، باوەڕی نەگۆڕیشی بە یەك ئاراستەی كوردستانی و دیموكراسی هەیە كە وەڵامدەرەوەی داخوازی رەوا و ئاشتیخوازانەی جەماوەری گەلی كوردستان بێت.

باسی لەوەش كردووە،  خەڵك دەزانێ یەكێتی وەك نەریتی رەوتی كاری چەندین ساڵەی لە روانگەی دەربەستی سیاسییەوە وەكو باوەڕی بە پاشقول گرتن نییە، قەتیش دۆخی داخرانی ئیدارە و فەرمانڕەوایی لە بادینان نەسەلماندووە و بەشێوازێكی دروستی شایانی گەلەكەمانی نەزانیووە رەنگە لەبەر ئەوەش و بۆ تێكنەدانی هیوای ئاقڵمەندان و پەرۆشانی گەلەكەمان بە گفتوگۆی نێوان و بە چارەسەری كێشەكانی  گوزەران و ژیانی هاووڵاتیان  كە لای هەموو هێزێكی سەنگین ئەولەویەتە، جوابی راگەیاندنی پارتی و پارێزگارەكەیان نەداوەتەوە.