سێ خووی پەیوەست بەخەوتن مەترسییەكانی تووشبوون بە نۆرەدڵی زیاد دەكات

تەندروستی

20/05/2020‌ 700 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی چینی، كە لەسەر ٤٨٠٠ كەس كراوە كە تێكرای تەمەنیان ٥١ ساڵ بووە، ئەو كەسانەی ماوەیەكی دوورودرێژ تووشی كەمخەوی و خەو زڕان دەبن مەترسییەكانی تووشبوونیان بە نۆرەدڵێ زیاد دەكات .

لێكۆڵینەوەكە بەدواداچوونی بۆ پەیوەندی نێوان خەوزڕان و تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن كردووە، لەئەنجامدا لێكۆڵینەوەكە سێ نیشانەی پەیوەست بەكەمخەوی دەستنیشان كردوون، كە دەبنە هۆی تووشبوون بە نۆرەدڵێ ئەوانیش خەولێنەكەوتن لەشەواندا، زوو هەستان لە خەو، كەم ئاگایی لە رۆژدا بەهۆی كەمخەوییەوە .

ئەو كەسانەی بەشداریان كردووە پێش دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەكە هیچ نەخۆشییەكی دڵیان نەبووە، بەڵام دوای ١٠ ساڵ چاودێریكردنی دۆخی تەندروستی بەشداربووان  دەركەوت ئەو كەسانەی نیشانەكانی پێشووی پەیوەست بەكەمخەوییان هەیە بەڕێژەی ١٨٪ زیاتر ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشیی دڵ و نەخۆشییەكانی تریان هەیە بەراورد بەوانەی ئەو نیشانانەیان لەسەر دەرنەكەوتووە .

بەگوێرەی رۆژنامەی ئێكسپرێسی بەریتانی دكتۆر لیمینگ لی لەزانكۆی پەككینی شاری پەككین ئامادەكاری لێكۆڵینەوەكە دەڵێت: پەیوەندی نێوان نیشانەكانی خەوزڕان و ئەو نەخۆشییانە لای ئەو كەسانە بەهێزتر بووە  كە لەسەرەتای لێكۆڵینەوەكەدا لەناوەراستی تەمەنیاندا بوون و ئەو كەسانەی بەرزە پەستانی خوێنیان هەبووە .

هەروەك لی دەڵێت: دەبێت لێكۆڵینەوەكانی داهاتوودا بەشێوەیەكی تایبەتی زیاتر تەركیزیان لەسەر ئەو چینە عومرییە بێت، تا پێشوەختە نەخۆشییەكانی دڵ لایان ئاشكرا بكرێن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی