عێراق و ئەمەریكا ئۆپەراسیۆنێكی گەورە بۆ دۆزینەوەی شوێنی ڕێبەری نوێی داعش بەڕێوە دەبەن

عیراق

21/05/2020‌ 797 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتە هەواڵییە جیهانییەكان باسیان لەوە كردووە، كە لەدوای جەژنی رەمەزان پلانی ئۆپەراسیۆنێكی سەربای فراوانی عێراقی ئەمەریكی بۆ بەدواداگەڕان بەشوێن ڕێبەری نوێی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دەستپێدەكات، كە باس لەوەشكراوە ڕێبەری نوێی داعش بۆ هەڵگیرساندنی فیتنەی تایەفی شێوازی ئەبو موسعەب زەرقاوی بەكاردەهێنێت .

لەو بارەیەوە تۆڕی "بی بی سی "بەریتانی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، كە دەستپێكردنەوەی چالاكییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ دەزگایەكی ئەمنی عێراقی، كە لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە پاڵپشتی دەكرێن سەرەتایەكە بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی گشتگیر بەمەبەستی مشتوماڵكردنی ئەو ناوچانەی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كردوویانەتە مۆڵگەی خۆیان.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی "بی بی سی " پێشبینی دەكرێت ئۆپەراسیۆنەكە لەدوای جەژن دەستپێبكات و ئەو هێزانە بەشداری تێدا بكەن، كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقن، پرۆسەكەش بە ئامانج و تاكتیكەكانی لەگەڵ پرۆسەكانی پێشوتر جیاواز دەبن ، ئەویش بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەبو ئیبراهیم قورەیشی ڕێبەری نوێی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش هەمان ستراتیژی ئەبو موسعەب زەرقاوی پەیرە دەكات كە خۆی لە جەنگی ئیستینزاف دژ بە هێزە عێراقییەكان و ترساندنی سوننەكان و پاڵنانی شیعەكان بۆ دەستكردن بە ململانێی تائیفی دەبینێتەوە.

مانگی رابردوو سەرچاوەیەكی ئەمنیی عێراقی باسی لەوە كردبوو كە ئەبو ئیبراهیم قورەیشی هاتۆتەوە ناو خاكی عێراق ، باسی لەوەش كردبوو كە دەزگا ئەمنییەكان كار لەسەر دەستنیشانكردنی شوێنی ڕێبەری نوێی داعش دەكەن .

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە كردبوو كە هێزە عێراقییەكان كار لەسەر دەستنیشانكردنی نەخشەی هێرشە تیرۆریستییەكانی ئەمدواییە دەكەن تالەوڕێگایەوە خاڵی دەرچوونیان دەستنیشان بكەن و چاودێری جموجۆڵەكانیان بكەن ، بەشێوەیەك تێبینی كراوە ناوچەكانی كەركووك و سەلاحەددین و بیابانی حەزەر و چیای مەخموور و زوممار و زنجیرە چیای حەمرین مۆڵگەی نوێی چەكدارانی داعشن .

ئەمە لەكاتێكدایە شەوی 20ی ئایار حكومەتی عێراق هەواڵی دەستگیركردنی سەركردەی نوێی داعشی راگەیاند، بەڵام وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی


بەپەلە