ئیمارات یەكەم گالیسكەی ئاسمانی رەوانەی سەر مەریخ دەكات

هەمەڕەنگ

23/05/2020‌ 308 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەوڵەتی ئیمارات رایگەیاند، لە ١٥ی حوزەیرانی داهاتوو لەژاپۆنەوە، یەكەم گالیسكەی عەرەبی بۆ دۆزینەوەی هەسارەی مەریخ هەڵدەدات، ئەوەش دوای ئەوە دێت، كە ساڵی رابردوو یەكەم كەشتیوانی ئاسمانی ئیماراتی ماوەی هەشت رۆژی لەسەر وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان بەسەر برد.

بەهەڵدانی "گالیسكەی ئەمەل " ئیمارات دەبێت بەیەكەم دەوڵەتی عەرەبی، كە گالیسكەی ئاسمانی بێسەرنشین ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان دەكات بەمەبەستی كاری دۆزینەوەی زانستی سەر رووی مەریخ، كە ئەویش لەچوارچێوەی "پڕۆژەی ئیمارات بۆ دۆزینەوەی مەریخ"دایە، كە لەوڕێگایەوە ئەبوزەبی دەیەوێت پێگەی خۆی لەبواری زانستی و بۆشایی ئاسمان بسەلمێنێت .

بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئیمارات گالیسكەكە رۆژی چوارشەممە 15ی حوزەیرانی 2020  لەكاتژمێر  5:51:27 بەیانی بەكاتی ژاپۆن و 00:51:27 دوای نیوەشەو بەكاتی ئیمارات لەناوەندی ئاسمانی تانیگاشیما لە یابان هەڵدەدرێت .

باس لەوەش كراوە، كە پڕۆسەی گواستنەوەی گالیسكەكە لە دوبەیەوە بۆ ژاپۆن 83  كاتژمێری ویستووە لەڕێگای ئاسمانی و دەریایی و وشكانییەوە .

لای خۆیەوە سارە بنت یوسف ئەمیری وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری زانستە پێشكەوتووەكان و سەرۆكی تیمی زانستی پرۆژەی ئیمارات بۆ دۆزینەوەی مەریخ رایگەیاندووە، كە پرۆسەكە ڕەنگدانەوەی ویستی دەسەڵاتدارانی ئیماراتە بۆ بەردەوامیدان بەپرۆژەكە سەرەرای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا .

ئەو خانمە وەزیرە ئیماراتییە وتیشی: تیمی كاری پرۆژەكە بەوپەڕی تواناوە هەوڵ دەدەن ئەركەكە بەسەركەوتوویی بەجێ بگەیەنن و بەسەر ئاستەنگەكاندا سەربكەون ، هیواشی خواستووە لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢١ و لەیادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی ئیمارات ئاهەنگی گەیشتنی گالیسكەكە بۆسەر مەریخ بگێڕن . 

دەوڵەتی ئیمارات هەوڵ دەدات لەڕێگای "پڕۆژەی مەریخ ٢١١٧" و بەهاتنی ساڵی ٢١١٧ بتوانێت شارێكی نیشتەجێبوون لەسەر هەسارەی مەریخ درووست بكات .

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی  


بەپەلە