عێراق مانگەكانی داهاتوو توانای دانی موچەی نابێت

ئابوری

24/05/2020‌ 1527 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیری عێراق لەلێدوانێكیدا بۆ بەئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی وتی: قەرزكردنی حكومەت لە سێ بانكی ناوخۆیی بۆ دانی موچەی مانگی ئایار مانای ئەوە دەگەیەنێت، كە كێشە لە دابینكردنی موچەی مانگی حوزەیراندا هەیە .

ساڵح لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا گوتویەتی كۆی داهاتی مانگی ئایار لە دوو تریلیۆن دینار كەمتر بووە لەكاتێكدا تەنیا دابینكردنی موچەی مانگێك پێویستی بە زیاتر لە پێنج تڕیلیۆن دینار هەیە، ئەوە جگە لە خەرجییەكانی تری دەوڵەت، روونیشیكردووەتەوە، كە داهاتە نانەوتییەكان مانگانە دەگاتە نزیكەی ١٠٠ ملیار دینار.

راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیری عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە حكومەت لەڕێگای قەرز و قۆڵەوە موچەی ئەم مانگەی دابینكردووە، بۆیە گرفتێكی گەورە، كە دابینكردنی موچەی مانگی حوزەیراندا دەبێت بەتایبەت، كە داهاتی فرۆشتنی نەوتی مانگی ئایار زۆر كەمە، باسی لەوەش كردووە، تیمێكی كار درووستكراوە بۆ ئەوەی هەوڵی دەستەبەركردنی مووچەی مانگی شەش بدەن.

بەقسەی ئەو لەئێستادا كار لەسەر چاكسازییەكی دارایی دەكرێت، كە بەشێكی بریتییە لە چاوخشاندنەوە بە موچە زۆرەكان و پاراستنی ئەوانەی مووچەی كەم وەردەگرن، بەوپێیە موچەی مانگی حوزەیران لەسەر بنەمای ئەو چاكسازییە دابەش دەكرێت .

هەروەها ساڵح باسی لەوە كردووە، لیژنەیەكی باڵای چاكسازی دارایی و ئابووری درووستكراوە، كە كار لەسەر دووبارە ئەندازەكردنەوەی دارایی گشتی عێراق دەكەن بەشێوەیەكی دروست و دانانی پێوەر و ستانداردی نوێ بۆی .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی