چیا عەباس: وەك پارتی و یەكێتی و هێزەكانی پاشكۆی دەسەڵات سەیری گۆڕانیش دەكەین

کوردستان

26/05/2020‌ 1449 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چیا عەباس نوری یەكێك لە هاورێ و كارەكتەرە نزیكەكانی نەوشیروان مستەفا و هەڵسوڕاوی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، دەڵێ: من حەسودی بەسەركردەكانی ئێستای گۆڕان نابەم دەبێت خۆیان حەسودی بەخۆیان ببەن، ئەگەر خەڵك باوەڕی بەوە هەبووایە، كە ئەمانە دەتوانن گۆڕانكاری و چاكسازی بكەن ئەوا لەدوو هەڵبژاردنی ڕابردوو دەنگەكانی گۆڕان نەدەهاتەخوار.

چیا عەباس، كە یەكێك لەدامەزرێنەرانی دیاری بزووتنەوەی لەگفتوگۆیەكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا دەشڵێت: كاك نەوشیروان لە كۆتا قۆناغەكانی ژیاندا زۆر پەشیمان بووە لە زۆر شت لە هەڵسەنگاندنی كۆمەڵێك خەڵك، لە چاوەڕوانییەكانی و لەو بەرنامەیەی بۆ ئەوانی دایڕشتبوو، بەڵام ئیتر ئەو لە دۆخێكی تەندروستی وابوو كە نەیدەتوانی زۆر شت بكات.

چیا عەباس پێشتر لە ڕێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی كاری كردووە سەبارەت بە كۆنگرەی یەكێتی و ئێستای ئەو حیزبەش وتی : كۆنگرەی یەكێتی، ئەگەر هەنگاوێك بۆ دواوە نەبێت، هەنگاوێك بۆ پێشەوە بووە، بەڵام تاڕادەیەك نەیتوانی باڵ و كێشە ناوخۆییەكان لەناو ببات.

ئەو پێش بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی لە شۆڕشی ئەیلول لەڕیزەكانی قوتابیانی پارتی دیموكراتی كوردستان كاری كردووە، سەبارەت بە ئێستای ئەو حیزبە دەڵێت: ئەگەر مێژووی پارتی بخوێنیتەوە هەر لەسەرەتای دروست بوونییەوە تا ئێستاباڵ باڵێن هەبووە و هەیە، بەڵام ئەوان وەك عەرەبەكانی سوریا وان، كە ناتوانن لەیەكتری بترازێن، چونكە ئەگەر لەیەكتر بترازێن نامێنن كەسیان.

هـ ـ ح