توركیا بەرەی شەڕ لەگەڵ پەكەكە بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان دەگوازێتەوە

کوردستان

26/05/2020‌ 1827 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بە پێی لێكدانەوەی ڕێكخراوێكی ئەمریكی بۆ كۆكردنەوەی داتا و شوێنی پێكدادانی چەكدارانە لە جیهاندا، لە سەدا ٧٧ی پێكدادنەكانی توركیا و گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە ناو خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بووە.

ئەو ڕێكخراوە، كە داتا و شوێنی پێكدادانی چەكدارانە لەجیهاندا كۆدەكاتەوە و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئەڵمانیا، هۆلەندا و چەند ڕێكخراوی دیكەوە پشتیوانی دارایی دەكرێت، لە نوێترین لێكدانەوەی خۆیدا باسی لەوە كردووە،  بەرەی شەڕی توركیا و پەكەكە بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق گوازراوەتەوە .

هەروەها بە گوێرەی ئەو لێكدانەوەیە، لە ساڵی ٢٠٢٠ لە سەدا ٧٧ی پێكدادانەكانی نێوان توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیا (PKK) لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق بووە و تەنیا لە سەدا ٢٣ی لە ناو خاكی توركیا ڕووی داوە.
 
رێكخراوەكە، باسی لەوەش كردووە، سوپای توركیا لە سەدا ٧٧ی شەڕ و پێكدادانەكانی لە گەڵ پەكەكە بە شێوەی هێرشی ئاسمانی و فرۆكەی بێ فرۆكەوانی ئەنجام داوە. 

لە كاتێكدا كە زۆربەی هێرشەكانی پەكەكە دژی توركیا بە شێوەی شەڕی ڕووبەڕوو و چاندنی مین لە قەراغ جادە و چەكی تەقەمەنی لە رێگەی دوورەوە بووە.

ئەو ڕێكخراوە لە شرۆڤەكانیدا هۆكاری ئەوەی توركیا شەڕی خۆی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان گواستووەتەوە بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، كە ئەنقەرە گەرەكییەتی ئاسایشی زیاتری ناوچە كوردنشینییەكانی ناوچەكانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەستەبەر بكات .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی