عێراق تەنیا لەرێی قەرزی دەرەكییەوە دەتوانرێت دەستبەرداری كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران بێت

ئابوری

26/05/2020‌ 667 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەیسەڵ عیساوی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێكی رژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، عێراق تەنیا لەڕێگای ئەو قەرزە دەرەكیانەی دەیەوێت بەدەستیان بێنێت دەتوانێت دەستبەرداری سیاسەتی بڕینی موچە، یان پاشەكەوتكردنی موچەی فەرمانبەران ببێت .

عیساوی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، شەش مانگی كۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ عێراق زۆر قورس دەبێت و وڵات بەدەست قەیرانێكی دارایی قورسەوە دەناڵێنێت.

ئەو ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، بۆ دەستەبەركردنی موچە و دەستنەبردن بۆ موچەی فەرمانبەران، دەوڵەت بە دوو ئاراستە هەنگاو دەنێت، ئاراستەیەكیان دەڵێت: ئەوانەی لەخوار ملیۆنێكەوە موچە وەردەگرێت دەست بۆ موچەكەی نەبرێت، بەڵام ئاڕاستەیەكی تر دەڵێت: ئەوانەی لەخوار پێنجسەد هەزارەوە وەردەگرێت لە موچەكەی نەبڕدرێت.

عیساوی وتیشی: ئەو قەرزانەی حكومەت دەیەوێت لەدەرەوەی بیكات وادەكات بتوانرێت دەستبەرداری بڕینی موچە یان پاشەكەوتكردنی موچە ببێت.

لەماوەی رابردوودا مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیران ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو، كە حكومەتی عێراق بۆ دابینكردنی موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران سێ تڕیلیۆن دیناری لەبانكە حكوومییەكانی رافیدەین و رەشید و بانكی بازرگانی عێراقی كردووە، جەختیشیكردووەتەوە، كە بۆ مانگی حوزەیران حكومەت ناچارە جارێكی تر پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی بباتەوە .

باسی لەوەش كردبوو، كە دانوستان لەگەڵ بانكە نێودەوڵەتییەكان دا هەیە تا ئەو كورتهێنانەی لە بودجەی بەكاربردن هەیە پڕبكرێتەوە، بەڵام ئەم دانوستانانە پێویستیان بەكاتە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردبوو، كە لەسەرئاستی دوورمەودا و بۆ مانگەكانی داهاتوو حكومەت روو دەكاتە دەركردنی قەواڵەی نیشتمانی (قەرزكردن لەهاوڵاتیان) بە سوودێكی بەرز و زێدەمافی زۆر.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی