گفتوگۆی ستراتیژی عێراق‌و ئەمریكا ئۆقرەی لە ئێران هەڵگرتووە

ڕاپۆرت

26/05/2020‌ 2186 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەو كاتەی حكومەتەكەی‌ مستەفا كازمی خۆی ئامادە دەكات ‌بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریكا لەیۆنیۆی داهاتوو، ئێران لەوە دەترسێت ئەو گفتوگۆیانە بوونی سەربازی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق زیاتر بكات، بۆیە لە هەوڵدایە لە ڕێگەی‌ هێزە نزیكەكانییەوە، هەڵمەتێكی فشاری میدیایی و سیاسی دژ بە كابینەكەی كازمی دەست پێبكات، كە خەریكە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودییەدا بەرەو باشی بەرێت.

هێزە نزیكەكانی ئێران لە عێراق، كرانەوەی حكومەتەكەی كازمی بە ڕووی سعودییەدا بەهەڵ دەزانن بۆ پێداهەڵپژان بە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا، چونكە دەزانن حكومەتەكەی كازمی چەندە پێویستی بەوەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا بپاریزێت، بەو پێیەی لەدۆخێكی دارایی سەخت دایە  و بودجەكەی كورتیهێناوە، بە ڕادەیەك لەوانەیە دەستەوەستان بێت لە پێدانی موچەی مانگی یۆنیۆی ئایندەی فەرمانبەران و خانەنشینانی.

لەو چوارچێوەیە قەیس خەزعەلی سەرۆكی عەسائیبی ئەهلی هەق هێرشێكی میدیایی توندی كردە سەر ئەمریكا و ڕایگەیاند، عێراقییەكان لە پێناو سەروەری خۆیاندا ئامادەی گیان بەخشینن.

خەزعەلی داوای لە ئەمریكا كردووە هێزەكانی لە عێراق بكێشێتەوە، ڕاشیگەیاند، ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، ئەوا عێراقییەكان ڕێگە بە مانەوەی هێزە بیانییەكان نادەن، ئەوەشی بیر ئەمریكا هێنایەوە، كە بەدەست میلیشیاكانی حیزبوڵاوە چ ئیش و ئازارێكی چەشتووە.

هەروەها رایگەیاند، كە لایەنە بەرهەڵستكارەكانی عێراق تۆڵەی كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی هەندیس لە ئەمریكییەكان دەكەنەوە.

هاوكات لەو بارەوە چاودێران دەڵێن كوشتنی سلێمانی و موهەندیس بەو شێوەیەی ڕوویدا، نیشانەیە بۆ شیوازی مامەڵەكردنی ئەمریكییەكان لەگەڵ ئێران لە دۆسییەی عێراقدا، ئەوان دەتوانن هەنگاوی گەورە باوێژن و هیچ ترسێكیشیان لە ئاكامی هەنگاوەكانیان نییە.

خەزعەلی ئەوەشی راگەیاند، ئەمریكا بەرگەی بەرەنگاربوونەوەی لایەنێكی چەكداری عێراقی نەگرتووە - مەبەستی حزبوڵایە-  كە هێرشی موشەكییان لە ناو عێراق كردۆتە سەر بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا و زیانی ماددی و گیانیان پیگەیاندوون، كەواتە چۆن دەتوانن بەرەنگاری لایەنە بەرهەڵستكارەكانی دیكەی عێراق بكەن.

پێش كوشتنی سلێمانی، زۆرینەی كۆگای چەك و تەقەمەنی میلیشیا عێراقییەكان كەوتنەبەر هێرش و وێرانكران، دواتریش حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی پەنجەی تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو هێرشەكانی ئاراستەی ئیسڕائیل كرد.

خەزعەلی باسی ئەوەشی كرد، ئەمریكییەكان لە یۆنیۆی ئایندە كاتێك گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق دەكەن، دەبێت یادەوەری شۆڕشی 1920 بیربكەوێتەوە، كە عێراقییەكان دژ بە بەریتانییەكان هەڵیانگیرساند.

هاوكات سەرچاوە دبلۆماسییەكان دەڵێن: گفتوگۆی مانگی ئایندەی‌ نێوان بەغدا و واشنتۆن لە بەغدا بەڕێوە دەچێت، ئەمریكاش تیمێكی تایبەتی بۆ ئەم مەبەستە ئامادە كردووە كە لەگەڵ هەرسێك سەرۆكایەتییەكەی عێراق و نوێنەری پێكهاتەكانیش گفتوگۆ بكات.

گفتوگۆ چاوەڕوانكراوەكانی ئاینده،‌ ئامانجیان ڕێكخستنی شێوازی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و واشنتۆنە، ئەمەش‌ دوای ئەوەی‌ پێشتر هێزە شیعییەكان لە پەرلەمانەوە داوای وەدەر‌نانی هێزەكانی ئەمریكایان لە عێراق كردبوو.

فالح فەیازی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەڵێت ئەوان گەشبینن بە ئایندەی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئەمریكادا.

فەیاز سەرۆكایەتی حەشدی شەعبی دەكات كە نزیكن لە ئێرانەوە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە لەم دواییانەدا فەیاز لە مستەفا كازمی نزیك بۆتەوە كە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا و سعودیەدا خۆشە.

كاتێكیش مستەفا كازمی وەزیری دارایی حكومەتەكەی ناردە سعودیە بۆ برەودان بە پەیوەندییە ئابوورییەكانی هەردوولا، ئەمە پێنوێن و ئاماژەیەك بوو بۆ ئەوەی كابینەكەی كازمی نیازی وایە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیەدا پەرەپێ بدات.

ئەو هەنگاوەی كازمی جۆرێك لە دڵنەوایی لە داڵانەكانی پەرلەمانی عێراقدا دروستكرد، كاتێك فراكسیۆنی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر ئاسوودەی خۆیان لەو هەنگاوەی كازمی دەربڕی.

ئەمجەد عیقابی پەرلەمانتاری سائیرون وتی پێویستە ئێران هەستیار نەبێت لە برەودان بە پەیوەندییەكان لەگەڵ سعودیەدا، بە تایبەتیش لە ئێستادا كە بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە عێراق تووشی تەنگژەیەكی دارایی سەخت بوو.

لە لایەكی دیكەوە میدیا عێراقییەكانی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێرانی لە عێراق، هەڵمەتێكی ڕاگەیاندنی توندیان دژ بە كابینەكەی كازمی دەستپێكردووە و بەوە تۆمەتباریان كردووە كە كازمی گەرەكیەتی عێراق بخاته ژێرباری قەرزی دیكەوە، كەچی لە ناوەندە جەماوەرییە عێراقییەكاندا، ئەو هەنگاوەی كازمی جێگەی گرنگیپێدان و نرخاندنە.

چاودێران دەشڵێن: هەڵمەتی میلیشیا عێراقییەكانی نزیك لە ئێران بە بڵاوكردنەوەی وێنەی خامەنەئی و خومەینی و سولەیمانی و حوسی لە شارەكانی عێراقدا، ئامانجەكەی شێواندنی جوڵەكانی حكومەتەكەی كازمییە كە گەرەكیەتی پەیوەندی عێراق بە دەوروبەرە عەربییەكەیەوە بەهێزتر بكات، میلیشیاكان بەو كارەیان گەرەكیانە بڵێن كە هێشتا هەژموونی ئێران لە ڕووی جەماوەری و ڕۆشنبیرییەوە زاڵە بەسەر عێراقدا، ئەمەش‌ لەسەر زاری قەیس حەسەنی ڕۆژنامەنووسەوە گوزارەی لێكرا.

لەولاشەوە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتی كە ڕۆژهەڵات شتێكی ئەوتۆی وای نەماوە پێشكەشی عێراقی بكات، لەمەشدا مەبەستی ئێران بوو، بۆیە حەلبوسی پێی وایە دەبێت عێراق پەیوەندییەكانی بە دەوڵەتانی كەنداو و ئەمریكا و خۆرئاواوە پتەوتر بكات.

حەلبوسی ئەوەشی وت: عێراق پێویستی لێكتێگەیشتنی خێرا و بەپەلە هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەنگژە داراییەكەی كە بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە تووشی هاتووە، وتیشی كە ئێران ناتوانێت یارمەتیدەری عێراق بێت، بەڵام ڕۆژئاوا ئەمەی پێ دەكرێت.

چاودێران پێیان وایە لێدوانەكانی خەزعەلی لە ماوەی ئایندەشدا لەسەر زاری سەركردەی میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێرانەوە دووبارە و سێبارە دەبێتەوە، ئامانجیشیان ئەوەیە پارسەنگی هێز ڕابگرن و دەستبار بۆ ئێران بگرن.

چاوەڕێی ئەوەش دەكرێت كە سەركردەی میلیشیا شیعەكانی عێراقی نزیك لە ئێران، ئەو جۆرە لێدوانانە میدیایانە بدەن و گێچەڵ بە ئەمریكا بكەن، ئەمەش بەردەوام دەبێت تا كۆتاییهاتنی وادەی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا و دەركەوتنی چارەنووسی سەرۆكایەتییەكەی دۆناڵد تڕەمپ كە ئێرانەكان ئومێدەوارن ئەو پڕۆسەی هەڵبژاردنە سەركەوتوو نەبێت.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر