لەسنەی رۆژهەڵاتی كوردستان ١٤٧ كەس بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆناوە گیانیان لەدەستداوە

کوردستان

27/05/2020‌ 380 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی زانكۆی پزیشكیی كوردستان لە شاری سنە رایگەیاند، تا ئێستا ٢٦١٧ كەس لەو پارێزگایە تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا پشتراست كراوەتەوە .

فەرزین رەزاعی سەرۆكی زانكۆی زانستە پزیشكییەكانی كوردستان لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە تا رۆژی سێشەممە ٩٤٣٣ پشكنینی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنایان لە پارێزگاكە كردووە، كە لەئەنجامدا تووشبوونی  ٢٦١٧ كەس پشتراست كراوەتەوە و ئەنجامی ٦٦٦٤ كەسیش نەرێنی بووە، هەروەك ١٥٢ كەسیش وەڵامی ئەنجامەكانیان پێنەدراوەتەوە .

هەروەها ڕاشیگەیاند: لەو دوو هەزار و ٦١٧ كەسە ٨٨٧ كەس لە سنە، ٤٨٠ كەس لە سەقز، ٢٦١ كەس لە بانە، ٢١٨ كەس لە قوروە، ۱٨٦ كەس لە دیواندەرە، ۱٨٢ كەس لە مەریوان، ١٣٥ كەس لە بیجار، ١٣٥ كەس لە كامیاران، ١٠٤ كەس لە دێولان و ۲٩ كەس لە سەوڵاوا هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون. 


سەبارەت بە ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەكە لە پارێزگاكە ڕەزاعی رایگەیاند، ١٤٧كەس لەپارێزگاكە بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا گیانیان لەدەستداوە، كە ٣٧ كەس لە سەقز، ٣٢ كەس لە سنە، ١٩ كەس لە قوروە، ٢٠ كەس لە بانە، ١٥ كەس لە كامیاران، ٩ كەس لە بیجار، ٧ كەس لە مەریوان، ٥ كەس لە دیواندەرە و ٣ كەس لە دێولان بوون.

سەرۆكی زانكۆی زانستە پزیشكییەكانی كوردستان جەختیكردووەتەوە، كە تا ئێستا ۱٤۳۱ كەس لە تووشبووانی كۆرۆنا چابوونەتەوە.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی