فرسەت سۆفی: هیچ بڕیارێك بۆ راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ نییە

کوردستان

27/05/2020‌ 613 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، زانیاری لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ خستە ڕوو رایگەیاند، هیچ بڕیارێك بۆ راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ نییە.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ چوار شەممە سەردانی مەڵبەندی 3ی یەكێتی كردو دوای كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی مەڵبەندەكە لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئامانجی سەردانەكەی خستەڕوو، باسی لەوەش كرد سەردانەكانیان بەردەوام دەبێت.

لەسەرەتا لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆ سۆفی راشیگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگارەكان و ئیدارە سەربەخۆكان، سەرقاڵی داڕشتنی هەندێك ڕێنوێنین بۆ چۆنییەتی خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا، بوونی ئەو هێزانەش وەك ئامادەسازییەكە بۆ ئەو بڕیارە نوێیانەی وەزارەتی ناوخۆ لە چەند كاتژمێری داهاتوودا دەریاندەكات.

هەروەها رایگەیاند، كار و كاسبیی خەڵك و ژیان و گوزەرانی خەڵك بەلای ئێمەوە زۆر زۆر گرنگە، بۆیە دەمانەوێت، باڵانسێك لە نێوان كار و كاسبی و ژیانی خەڵك و لەگەڵ خۆپارێزییەكانی كۆرۆنا دروست بكەین".

فرسەت سۆفی ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا لەزایدبووندایە و ڤایرۆسەكە سەرهەڵدەداتەوە، لەبەرئەوەی ئێستا شوێنەكان كراونەتەوە و سەردانكردن هەیە، بۆیە ئەگەر خەڵكی خۆیان نەپارێزن و ڕێنوێنییەكانی تەندروستی جێبەجێ نەكەن، لەوانەیە تووشبوونی پەتای كۆرۆنا بەنێو كۆمەڵگادا بڵاو بێتەوە.

لەبارەی سەردانی لایەنەكان پارێزگاری هەولێر ئاشكرایكرد، دەیانەوێت هەماهەنگی باش لەنێوان لایەنە سیاسییەكان ‌و ئیدارەی پارێزگای هەولێر هەبێت‌و هاوكاری یەكتری بكەن.

هـ ـ ح