هەولێرو بەغدا دەست بەگفتوگۆكانیان دەكەنەوە

کوردستان

27/05/2020‌ 812 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بڕیارە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی كۆی كێشەكانی نێوانیانەوە بكەن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.

لەو بارەوە بەختیار حاجی، ئەندامی شاندی حكومەتی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكانی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەمیانی لێدوانێك وتی: هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق رەزامەندییان نیشان داوە، كە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن، بۆیە دوای پشووی جەژن شاندی هەولێر سەردانی بەغدا دەكات و ئەو كێشانەی هەن، چارەسەر دەكرێن.

حاجی بۆ پێگەی فەرمی پارتی دیموكرات وتیشی: تەنیا گفتوگۆ لەبارەی بودجە و موچەوە ناكرێت، بەڵكو باسی كۆی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەكرێت، بۆ ئەوەی هەمووان چارەسەر بكەن و لەسەریان بگەنە رێككەوتن.

هەروەها وتی: حكومەت رەزامەندیی نیشان داوە و دوای جەژن 400 ملیار دینارەكەی دیاری كردووە، بۆ هەرێمی كوردستان رەوانەی دەكات و بۆ چارەكردنی كێشەكانی دیكەش گفتوگۆ دەكەن.

پێشتر شاندی هەرێمی كوردستان چەند جارێك سەردانی بەغدایان كردو چەندین كۆبوونەوەیان بۆ چارەسەری كێشەكانی هەردوولا ئەنجامداو وا باس دەكرێت لێكتێگەیشتنی باش لەنێوانیان هەیە.

هـ ـ ح