پارتی وادەی كۆبوونەوەی لەگەڵ یەكێتی رادەگەیەنێت

کوردستان

27/05/2020‌ 2382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بڕیارە هەفتەی داهاتوو پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆببنەوە، بۆ ئەوەی دۆخی نێوانیان ئاساییبێتەوە و سەرەتای هەفتەش بەهەماهەنگیی هەردوولا وادەی كۆبوونەوەكە دیاری دەكرێت.

ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی وتی: دوای دەستپێكردنەوەی دەوام، رۆژی یەكشەممەی داهاتوو پارتی و یەكێتی بە ‌هەماهەنگی بۆ هەفتەی داهاتوو رۆژێك دیاریدەكەن بۆ ئەوەی پێكەوە كۆببنەوە، ئەمەش بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی نێوانیانە.

میرخان وتیشی: ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە گرنگی زۆری هەیە، بۆ ئەوەی پێكەوە باسی گلەییەكانی خۆمان بكەین و چارەسەر بۆ كێشەكان بدۆزینەوە، بۆیە پێویستە كۆبوونەوە بكرێت و مەرجیش نییە هەموو كێشەكان بە یەك جار چارەسەر بكرێن، لەبەر ئەوەی بۆچوونی جیاوازمان لە زۆر شتدا هەیە.

هەروەها وتی: پێویستە شەڕی ڕاگەیاندن ڕابگیرێت و ناكرێت بۆچوونی حیزبی خۆمان بخەینە ناو حكومەت، بۆیە ئەگەر هیچ نەیەتە پێشەوە، هەفتەی داهاتوو یەكێتی و پارتی پێكەوە كۆدەبنەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە كێشەو ئاڵۆزی لەنێوان پارتی‌و یەكێتی هەیەو پێشتریش چەند جارێك هەوڵی ئەوەیان داوە كۆبوونەوە بكەن، بەڵام هەوڵەكان سەركەوتوو نەبووە.

هـ ـ ح