قۆناغی یەكلاكردنەوەی دۆخی ئیدلب.. پەیامی ئاگرین بۆ توركیا

ڕاپۆرت

28/05/2020‌ 2841 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چوارشەممەی ڕابردوو پارێزگای ئیدلب دوو ڕووداوی مەیدانی بەخۆوە بینی، كە بەڵگەن بۆ زۆر شت، ئەوانیش بریتی بوون لە بەئامانجگرتنی تیمێكی سەربازی گەڕۆكی توركیا لەسەر ڕێگەی ئێم فۆڕ، هەروەها بەئامانجگرتنی كۆگایەكی چەكی پارتی ئیسلامی توركمانی لە ناوچەی گوندەواری جسری شغور، هاوكاتیش فڕۆكەكانی ڕوسیا بە ئاسمانی ناوچەكەدا بە چڕی لە هاتوچۆدا بوون.

دوو ڕووداوەكە لە دوای ماوەیەكی زۆر لە هێمنی و ئارامی ناوچەكە هاتن، ئەمەش‌ بە گوێرەی ڕێككەوتننامەی ئاگربەستی نێوان ڕوسیا- توركیا لە مارسی ڕابردوو.

چاودێران دەڵێن: لایەنی جۆراوجۆر لە پشت بەئامانجگرتنی تیمە سەربازییە توركی- یەكەوەن كە بە نارنجۆكێك ئەنجامدرا و پێكانی زۆریشی لە ڕیزەكانی سەربازە توركییەكان لێكەوتەوە كە دۆخی هەندێكیان سەخت و دژوارە. لەوانەش لایەنە جیهادییە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن كە دژ بە ڕێككەوتننامەی ئاگربەستەكەن، ئەولایەنانە لەوه دەترسن ڕێككەوتنەكه ‌ئاكامی نەرێنی هەبێت بۆ سەر هەژموونی ئەوان لە ناوچەكە.

چاودێران دەشڵێن: ئەوەش‌ بە دوور ناگیرێت كە ڕژێمی سوریا یان ڕوسیا لە پشت هێرشەكەبن، بە تایبەتیش كە هێرشەكە هاوكات بوو لەگەڵ بەئامانجگرتنی كۆگای چەكی پارتی ئیسلامی توركمانی سەر بە ئەنقەرە كە بەلایەنی كەمەوە كوژرانی 6 چەكداری لێكەوتەوە.

بەپێی بۆچوونی چاودێران، بەئامانجگرتنی توركیا و لایەنە پاشكۆكانی، هاوكاتە لەگەڵ قۆناغی دووەمی ئاگربەستەكە كە بە دەق دەڵێت دەبێت لایەنە چەكدارە پاشكۆكانی ئەنقەرە بۆ دووری 7 كیلۆمەتر لە بەرەكانی تەلتەمر و ئەبو ڕەئسەین لە باكوری حەسەكە بكشێنەوە، دەبێت كردە سەربازییەكانیش بە تەواوی لە ناوچكە بوەستێندرێن، ئەمەش وەك ڕێخۆشكردنێك بۆ كردنەوەی ڕێگەی ئێم فۆڕ.

ڕوسەكان لە لێبڕاوی و مكوڕی توركیا بەگومانن لەوەی پەیوەستە بە كشانەوەی لایەنە چەكدارە پاشكۆكانیان لە ئەوبەرەوبەری ڕێگە نێودەوڵەتییەكە (ئێم فۆڕ)، چونكە ئەنقەرە هیچ هەنگاوێكی كردەیی لەسەر ئەرزی واقع بۆ ئەم مەبەستە نەناوە، بەڵكو بەپێچەوانەوە زوو بە زوو كاری كردووە بۆ‌ برەودان بە هێزەكانی لە ناوچەی خاوكردنەوەی بارگژییەكان و كۆسیستەمی بەرگری ئاسمانیشی لێ جێگیر كردوون.

لەو چەند ڕۆژەی پێشووشدا ئەنقەرە كۆسیستەمی بەرگری موشەكی لە ناوچەی گوندەواری ئیدلب جێگیر كردوون، باوەڕیش وایە توركیا لە ترسی ئەگەری هەرەسهێنانی ئاگربەستەكە ئەو كارەی كردبێت.

ئەو وێنانەی مانگە دەستكردەكان تۆماریان كردوون، ئەوە نیشان دەدەن، كە سوپای توركیا سیستەمی بەرگری موشەكی (هۆك – ئێم- ئەی- ئەی-23) ی لە فڕۆكەخانەی "تفتناز" لە ناوچەی باكوری خۆرئاوای گوندەواری ئیدلب جێگر كردوون.

ئەو كۆسیستەمە لە لایەن كۆمپانیای "ڕیسۆن" ی ئەمریكییەوە دروستكراوە، توانستی ئەوەشی هەیە هێرش بكاتەسەر ئەو فڕۆكانەی بە نزمی دەفڕن لە 20 مەترەوە بۆ 60 مەتر، مەودای موشەكەكانیش 40 كیلۆمەترە.

لەو بارەوە شارەزا سەربازییەكان دەڵێن: هێنانی ئەو كۆسیتەمە موشەكییانە لە لایەن توركیاوە بۆ ناوچەی خاوكردنەوەی بارگرژییەكان كە بە ناوچەی "پۆتین- ئەردۆغان" ناسراوە، ناكرێت ئامانج لێی بەئامانجگرتنی لایەنە جیهادییەكان بێت كە ‌دژ بە ئاگربەستەكەن، بەڵكو دژ بە ڕژێمی سوریا و ڕوسیا جێگیركراون كە زاڵن بەسەر ئاسمانی ناوچەكەدا.

ئەمەش‌ جاری یەكەم نییە توركیا ئەو جۆرە موشەكانە لە خاكی سوریا جێگیر دەكات، پێشتریش لە ساڵی 2018 و لە شاری "دارە عزە لە ناوچەی گوندەواری حەلەبی خۆرئاوا" ئەو موشەكانەی جێگیر كردوون.

شارەزایان ئەوەشیان ڕوونكردووەتەوە توركیا، كە بە سەركەوتنە سەربازییەكانی ئەم دواییەی لیبیا دەنازێت، گەرەكیەتی هاوسەنگی هێز لە ئیدلب سەرەوژوور بكات، هەر بۆیەش برەو بە بوونی سەربازی خۆی دەدات لە ناوچەكه،‌ بەوەی هەزارەها سەربازی تیادا بڵاوەپێكردوون، ئەمە جگە لەوەی كۆسیستەمی بەرگی ئاسمانیشی لێ جێگیر كردووە.

ئەو چاودێرانە وایدەبینن، كە توركیا ئەو داكەوتەی (واقع) لەبیركردووە كە دۆخی سوریا لە ڕووی یاساییەوە تەواو لە لیبیا جیاوازە،‌ لەوێ حكومەتەكەی فایز سەڕاج شەرعیەتی نێودەوڵەتی هەیه، بەڵام لە سوریا ئەو پەردەپۆشە یاساییەی نییە، ئەمە جگە لەوەی ڕوسیا بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری دەستكەوتەكانی نابێت لە سوریا كە لەوساوەی لە ساڵی 2015 دەستوەردانی لەو وڵاتە كردووە باجی زۆری لەسەر داوە.

هەروەها شارەزایان دەڵێن: بە پشتبە‌ستن بە ڕەووتی ڕووداوەكان، ئەگەری زۆر هەیە رێككەوتننامەكەی ڕوسیا – توركیا لە ئیدلب هەرەسبێنێت، لەوانەشە بەرەنگاربوونەوەیەكی تازە لەو پارێزگایە و دەوروبەریدا سەرهەڵدات كە هەرگیز ئەمجارەیان وەك پێشوو نابێت، چونكە ئەمجارەیان سوریا بە پاڵپشتی ڕوسیا كۆششی ئەوە دەكەن جەنگەكە یەكلایی بكەنەوە.

لە دوای نیوەشەوی سێشەممە و چوارشەممەی ڕابردووەوە، ناوچەی گوندەواری حەلەبی خۆرئاوا پێكدادانی توندی نێوان هێزەكانی ڕژێمی سوریا و لایەنە چەكدارە پاشكۆكانی ئەنقەرە لێكەوتۆتەوە، ئەو لایەنە چەكدارانە ناوچەكانی فەتیرە و سفوهن و دەوروبەری كنسفڕە لە شاخی زاویە- یان لە ناوچەی گوندەواری ئیدلبی باشور بە ئامانجگرتووە. 

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر