هۆنگ كۆنگ جەنگی ساردی نێوان ئەمەریكا و چینی خێراتر كردووە

لە میدیاکانەوە

30/05/2020‌ 958 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای دەرچوونی بڕیارێكی جێمشتوومڕی چین لە هۆنگ كۆنگ بەناوی "یاسای ئاسایشی نەتەوەیی"، گریمانەی هەڵگیرساندنی جەنگێكی نوێی سارد لەنێوان چین و ئەمەریكای زیاتر كردووە.

بەوپێیەی یاساكە ئازادییە مەدەنییەكان لەو هەرێمەی چین كەمدەكاتەوە و دەستی پەكین بۆ دەستگیر و سەركوتكردنی ئەو كەسانە زیاتر دەكاتەوە، كە داوای دیموكراتییەت و خۆبەڕێوەبەری زیاتر دەكەن، ئەو بابەتەش لەكاتێكدا دێت، كە چین و ئەمەریكا هەر لەبنەڕەتەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە پەیوەندییەكانیان گرژ و ئاڵۆزن.

وڵاتانی رۆژئاوایی بەیەكڕیز كەوتنە سەركۆنەكردنی ئەو بڕیارەی چین‌و حكومەتەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا و كەنەداو ئوسترالیا بەیاننامەیەكی هاوبەشیان دەركرد و تێیدا نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەوەی یاسای ئاسایشی نەتەوەیی لەهۆنگ كۆنگ سەربكێشی بۆ زیاتر قوڵبوونەوەی دابەشبوونەكان لەهەرێمەكەدا، هەروەك تێیدا داوا كراوە وەك تاكە ڕێگای دووركەوتنەوە لەگرژی و ئاڵۆزییەكان دەرفەت بەگەلی هۆنگ كۆنگ بدرێت لە ئازادی و مافەكانی خۆی بەهرەمەند بێت .

لەوچوارچێوەیەشدا گەمارۆی ئەمەریكا دژ بەچین بەڕێوەن، بەجۆرێك مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا راسپاردەیەكی ئاڕاستەی كۆنگرێس كردووە و تێیدا هۆنگ كۆنگی وەك هەرێمی ناسەربەخۆ لەچین هەژمار كردووە و داوای لەیاسادانەرانی ئەمریكا كردووە ئەوە یەكلایی بكەنەوە، كە ئایا دەكرێت هەرێمەكە زێدەمافی ئابووری و بازرگانی لەئەمەریكاوە وەربگرێت .

بژاردەو ڕێكارەكانی ئەمەریكا دژ بە چین هەمەچەشنن، كە خۆیان لە سزای ئابووری و كۆتوبەندكردنی پێدانی ڤیزا بەگەورە بەرپرسانی چین دەبینێتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی