رەنگە حكومەتی عێراق پەنای بۆ ببات
دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر بەدۆلار مانای چی دەگەیەنێت؟

ئابوری

30/05/2020‌ 2480 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
نەبیل موسەوی پسپۆڕی ئابووری و ئەكادیمی عێراقی لە زانكۆی بەسڕە پێشبنینی كۆمەڵێك ئەنجامی كردووە ئەگەر بێت و پێشنیازی دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر بەدۆلاری ئەمەریكی وەك یەكێك لە ڕێگەچارەكانی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی دارایی پەنای بۆ ببرێت .

موسەوی دەڵێت: ئەگەر بێت و بەهای دیناری عێراقی بەڕێژەی ٢٥٪ داببەزێنرێت، ئەوە ئابووری هەندێك لە وڵاتانی دەوروبەر زۆر زەرەر دەكەن، كە ساڵانە بە بەهای ٢٠ ملیار دۆلار كاڵا و شمەك هەناردەی عێراق دەكەن، لەبەر ئەوەی خەرجی هەناردەكانیان زۆر بەرزدەبێتەوە و توانای ركابەریكردنی بازاڕی عێراقییان نامێنێت، كە ئەمە فاكتەرێكی گەورە دەبێت لەوەی وڵاتانی دراوسێ، كە هەژموونێكی گەورەیان لە عێراقدا هەیە رێگە نەدەن ئەو جۆرە سیاسەتە جێبەجێ بكرێت.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئەو شارەزا ئابوورییە وتی: بەگرتنەبەری ئەو هەنگاوە لەئاستی كورتمەودادا نرخی كاڵا هاوردەكراوەكان بەرزدەبنەوە، بەڵام لەئاستی مامناوەند و دوورمەودادا هاندەرێك دەبێت بۆ كاراكردنی ڕۆڵی كەرتی تایبەت لەدروستكردنی پرۆژەی بەرهەمهێنانی كەلوپەلی بەكاربەری، بەتایبەتی كەلوپەلە خۆراكییەكان تا پێداویستی ناوخۆیی پڕبكەنەوە، بۆیە لەدواتردا سەردەكێشێت بۆ دابەزینی نرخەكان.

ئەو وتیشی: بەهەمان ئەندازەی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی داهاتە حكومییەكان، كە لەسەر بنەمای دینارە بەرزدەبنەوە، كە ئەمە توانای حكومەت لە پڕكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان زیاد دەكات‌و دەشتوانێت پارێزگاری لەیەدەگە نەختینەییەكانی بانكی ناوەندیش بكات .

موسەوی ئاماژەی بە خاڵێكی تر كردووە، كە ئەویش ئەوەیە بەلەبەرچاوگرتنی بەهای كەمی دینار بەرانبەر بە دۆلار دەبێتە هۆی ئەوەی بردنی سەرمایە بۆ دەرەوە كەمببێتەوە، ئەوە سەرباری كەمبوونەوەی وەبەرهێنانی عێراقییەكان لەدەرەوە بەتایبەت كەرتی خانووبەرەو كەمبوونەوەی سپاردنی پارە لەبانكە بیانییەكان و كەمبوونەوەی شووشتنەوەی پارە لە عێراقدا.

لەسەر ئەو بنەمایە موسەوی پێشبینی كردووە دەستی كاری بیانیش لەعێراق كەمببێتەوە، بەوپێیەی دەستی كاری بیانی خەرجی زیاتری دەوێت بەراورد بەدەستی كاری ناوخۆیی.


بەپەلە