هەشتا هەزار واژوو بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لەڕاشد غەنوشی

مەلەفی تایبەت

30/05/2020‌ 1273 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەوەی فراكسیۆنی پارتی دەستوری ئازادی تونس، داوای لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی دیكە كرد، واژوو لەسەر داواكارییەك بكەن بۆ سەندنەوەی متمان لە ڕاشد غەنوشی و لابردنی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بەو هۆیەی دەستیوەرداوەتە ململانێی لیبیاوە، بۆیە عەبیر موسا- ی سەرۆكی فراكسیۆنەكە،‌ ڕایگەیاند 80 هەزار واژووەیان كۆكردووەتەوە و ئەگەریش هەیە پێش كۆتایی هەفتەی ئایندە بیگەیەننە 100 هەزار واژوو، بەمەش دەیكەنە داواكارییەكیە جەماوەری و داوای پێ لە پەرلەمان دەكەن متمانە لە ڕاشد غەنوشی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێتەوە.

عەبیر موسا لە واڵەكەی خۆی لە فەیس بوك نوسیویەتی: غەنوشی لەگەڵ فایز سەڕاجی سەرۆكی حكومەتی سازانكاری لیبیا لە پەیوەندیدا بووە، ئەمەش‌ هەڵەیەكی كوشندەیە، وتیشی جوڵەكانی غەنوشی ئەجێندای جۆراوجۆریان لە پشتە و جەختی لەوەش كردووە كە ئەوان ئەو جوڵانە شەرمەزار دەكەن و پێیان وایە غەنوشی سنوری دەسەڵاتەكانی خۆی تیپەڕاندووە.

عەبیر موسا باسی لە پڕۆژەیەك كردووە، فراكسیۆنەكەیان خستویانەتە بەردەم پەرلەمانی تونس بۆ دەنگ لەسەردانی، گرنگترین بەندەكانیشی داننانە بە بنەما سەرەكییەكانی ڕەتكردنەوەی دەستتێوەردان لە كاروباری لیبیا، ڕەتكردنەوەی ئەوەی تونس ببێتە بنكەیەكی لۆجستی بۆ ئاسانكاریكردن بۆ هرە جۆرە دەستتێوەردانێكی دەرەكی، ئەوەشی لە خۆگرتووە كە ڕەتیدەكاتەوە تونس بچێتە هیچ جۆرە تەوەربەندییەكەوە.

عەبیر موسا جەختی لەوەش كردووەتەوە، كە لەگەڵ زۆرێك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی تونس لە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەدان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە غەنوشی سەرۆك پەرلەمان، هەروەها خوڵقاندنی زۆرینەیەكی پەرلەمانی تازە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك پەرلەمانێكی تازە.

لەو جوغزەشدا، عەبیر موسا ئاماژەی بەوەداوە، كە چاوی بە نوێنەرانی فراكسیۆنی: (بژی تونس، دڵی تونس، چاكسازی و ئایندە) كەوتووە و دەستیان كردووە بە ئامادەكردنی داواكارییەك بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی پەرلەمانی تونس.

عەبیر موسا ئەوەشی وت: هیشام عەجبونی سەرۆكی فراكسیۆنی دیموكراسی لە دیدارێكی لەگەڵ مەجدی بوزینەی پەرلەمانترای پارتی دەستوری ئازادی تونسدا، جەختی لەوە كردۆتەوە كە داواكاری سەندنەوەی متمانە لە غەنوشی دەخەنە بەردەم پەرلەمان.

لەم دواییانەدا ڕادەی ناڕەزایی تونسییەكان بەرەو هەڵكشان چووە سەبارەت بەو سەرپێچییانەی ڕاشد غەنوشی سەرۆكی پەرلەمانی تونس و سەرۆكی بزووتنەوەی نەهزە ئەنجامیداون كە سەرجەیمان دەكەونە خزمەت پڕۆژەی ئیخوانی لە ناوچەكەدا. ئەو ناڕەزاییانە پەریونەوە ناو چینە سیاسییەكەی تونسیش كە داوایان كردووە هەڵوێستێكی توند دژ بە غەنوشی بگیرێتەبەر دوای ئەوەی زۆرێك پێیان وایە بۆتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تونسییەكان.

پەیامی پیرۆزبایی، كە غەنوشی ئاراستەی فایز سەڕاجی سەرۆكی حكومەتی سازانكاری لیبیای كردبوو، دوای ئەوەی هێزەكانی بە پشتیوانی توركیا دەستیانگرت بەسەر بنكەی ئاسمانی "وەتییە"، ئەو دڵۆپە ئاوە بوو كە وایكرد جامەكە لەسەرەییەوە بڕژێت، بازنەی توڕەیی تونسییەكانیشی لە ناوەندە جەماوەری و سیاسییەكاندا بەرەو هەڵكشان برد.

هەر لەو چوارچێوەیەدا 7 پارتی دیكەی تونسی: ( ڕەووتی جەماوەری، پارتی كرێكاران، بزووتنەوەی تونس بۆ پێشەوە، پارتی سۆسیالست، پارتی نیشتمانی سۆسیال دیموكرات، پارتی قوتب، بزووتنەوەی بوژانەوە) لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا دوای جوڵەی غەنوشیان لە دۆسییەی لیبیادا شەرمەزار كرد.

ئەو 7 پارتە سیاسییانە پێیان وایە ئەوەی‌ غەنوشی كردویەتی تێپەڕاندنی دەسەڵاتی دامەزراوەكانی دەوڵەتە و تێوەگلاندنیانە لە دۆسییەی لیبیا لە پێناو بەرژەوەندی كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین و هاوپەیمانەكانیان. داواشیان لە قەیس سەعیدی سەرۆك كۆمار كردووە بەرپەرچی ئەو هەنگاوەی غەنوشی بداتەوە، ئاماژەشیان بەوەداوە كە ئەو هەنگاوەی غەنوشی دەبێتە هۆی تۆمەتباركردنی تونس بەوەی پشتیوانی لۆجستی پێشكەشی توركیا دەكات لە دۆسییەی لیبیادا.

ئەو پارتە سیاسییانە داوایان لە هێز و ڕێكخراوە نیشتمانییەكان كردووە هەڵوێستێكی توند بەرامبەر غەنوشی و حزبەكەی بنوێنن، تۆمەتی ئەوەشیان داونەپاڵ كە كۆششی ئەوە دەكەن تونس بگلێننە ململانێی لیبیاوە بە دەستتێكەڵاوكردنیان لەگەڵ داگیركاری توركیا، ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر تونس و ناوچەكە.

ئەو پارتە سیاسییانە جەختیان لەوە كردۆتەوە كە ئەو ڕۆڵانە ڕەتدەكەنەوە كە سەرۆكی پارتی نەهزەی تونسی لە دەرەوە بە ناوی دامەزراوەی پەرلەمانی تونسییەوە دەیانگێڕێت، دەشڵێن كە بەرژەوەندی ڕێكخراوی جیهانی ئیخوان موسلمینی خستۆتەپێش بەرژەوەندی تونس و گەلەكەی، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تونس.

بە هۆی ئەو فشارانەشەوە، ئێستا غەنوشی لە بەردەم دۆخێكی سەخت دایە، دوای ئەوەی بە چەند تەنگژەیەك دەورە دراوە كە هەڕەشە لە مانەوەی دەكەن وەك سەرۆكی پەرلەمان و تەنانەت وەك سەرۆكی حزبەكەی خۆشی. بۆیە لە ئێستادا ئەو دەنگانە بەرەو هەڵكشانن كە داوا دەكەن لە ناو پەرلەمانی تونس لێپرسینەوە لە غەنوشی بكرێت سەبارەت بە پەیوەندییە دەرەكییە شاراوەكانی و دەستتێكەڵكردنی لەگەڵ لایەنی دەرەكی، داواش دەكەن متمانەی لێوەربگیرێتەوە، ئەم هەوڵە بە سەركردایەتی عبیر موسای سەرۆكی پارتی دەستوری ئازاد بەرێوەدەچێت و زۆرێكیش لە پەرلەمانتارانی تونس هاتونەپاڵ ئەو پێشدەستییەوە.

لەلایەكی دیكەشەوە ئەو دەنگانە بەرزبوونەوە كە داوا دەكەن لیپرسینەوە لە غەنوشی بكرێت سەبارەت بە ووربینیكردن لە سەرچاوەی سامانە زۆر و زەوەندەكەی لەوەی ئاخۆ چۆناو چۆن كۆیكردۆتەوە، ئەمە جگە لەو فشارە ناوخۆییانەی غەنوشی لە ناو حزبەكەی خۆشی تووشی بووە كە داوای لێدەكەن دەستبەرداری سەرۆكایەتی حزبەكەی بێت.

لە ئێستادا چەندەها دۆسییەی جۆراوجۆر ڕاوەدووی غەنوشیان ناوە، لەوانەش ئەو دۆسییانەی پەیوەستن بە كردەكانی تیرۆركردن كە لە ساڵی 2013 لە توسن ڕوویانداوە و چەندەها سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی گرتۆتەوە وەك شوكری بەلعید و محەمەد ئەلبراهیمی، هەروەها دۆسییەكانی پشت كارئاسانیكردن بۆ گەنجانی تونس بۆ چوونەدەرەوە و شەڕكردن لە ڕیزەكانی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكانی سوریا و لیبیا.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەبییە
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر