كێشەكانی بەردەم كۆبوونەوەی پارتی‌و یەكێتی

کوردستان

30/05/2020‌ 4123 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرچەندە ئەنجامدانی كۆبوونەوەی نێوان پارتی‌و یەكێتی بڕیاری لێدراوە، بەڵام چەند كێشەیەك لەبەردەم كۆبوونەوەكە هەیە، بۆیە تائێستا یەكلانەبووەتەوە، كەی كۆبوونەوەكە ئەنجامدەدرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، شوێنی كۆبوونەوەكە، یەكێكە لەكێشەكانی بەردەم كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی.

هەر بەپێی زانیارییەكان، پارتی پێی باشە لەسەرۆكایەتی هەرێم كۆبوونەوەكە ئەنجامبدرێت‌و یەكێتی نیشتمانیش پێیباشە، كۆبوونەوەكە لەبارەگای مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی لەهەولێر ئەنجامبدرێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە ئەندامانی شاندی نێوان هەردوو حیزب، كە بەشداری كۆبوونەوەكە دەكەن، یەكێكی ترە لەكێشەكانی بەردەم كۆبوونەوەكەو پارتی هێڵی سوری لەسەر چەند سەركردەیەكی یەكێتی هەیە بۆ بەشداری لەكۆبوونەوەكە.

لەبەرانبەردا یەكێتی ئەوەی رەتكردووەتەوەو جەختیكردووەتەوە، مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی خۆیان ئازادن لەوەی كێ‌ بەشداری لەكۆبوونەوەكە دەكات‌و پارتی بۆی نییە ناڕەزایی دەربڕێت‌و دەستوەردان بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە كێشە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی هەیەو هەردوو حیزبیش چەند جارێك هەوڵیانداوە بۆ ئەوەی كۆبوونەوە بكەن‌و كێشەكان چارەسەر بكەن.

هـ ـ ح