نێچیرڤان بارزانى: ئاماده‌یی بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ردەبڕین

عیراق

30/05/2020‌ 434 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانى جه‌خت له‌ گرنگیى هه‌بوونى میكانیزمێك بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرالى عێراق ده‌كاته‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش به‌تایبه‌تى له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كه‌ جموجووڵ و هێرشه‌كانیان مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌ له‌سه‌ر ئاسایشى عێراق و هه‌رێمى كوردستان دروست ده‌كات، ئاماده‌ییى هه‌رێمى كوردستانیشى بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ربڕى. 

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ هه‌ولێر نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ مێجەر جەنەرال ئیریک هیل فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، دوایین پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا و هه‌وڵ و ڕێكاره‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، هه‌روه‌ها لێكه‌وته‌كانى به‌تایبه‌تى له‌ بواره‌كانى ته‌ندروستى و ئابووریدا‌ و كاریگه‌رى له‌سه‌ر به‌رنامه‌ و جموجووڵى سه‌ربازیى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سووریا تاوتوێ كرا.

دیالۆگى ستراتیژیى ئه‌مه‌ریكى ـ عێراقى كه‌ بڕیاره‌ مانگى داهاتوو ده‌ست پێبكات و تیایدا نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ك بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانى ئێستا و داهاتووى عێراق و ئه‌مه‌ریكا تاوتوێ بكرێت، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. له‌مباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگیى ئاماده‌یى و به‌شداریى هه‌رێمى كوردستان له‌و دیالۆگه‌ و له‌ دانان و ئاماده‌كردنى نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌دا كرده‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌ و مه‌ترسییه‌كانى فراوانبوونى جموجووڵ و هێرشه‌كانى داعش له‌ عێراق و سووریا كرا كه‌ بوونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى جددى له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیرى له‌ هه‌ردوو وڵات. 

نێچیرڤان بارزانى وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى گرنگى و پێویستیى به‌رده‌وامیى پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا، جه‌ختیشى له‌سه‌ر پێویستیى هه‌نگاونانى سیاسى له‌ عێراق كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێكهاته‌ عێراقییه‌كان هه‌ست به‌ هاوبه‌شی و متمانه‌ و پارێزراویی ئێستا و داهاتوویان له‌ عێراقدا بکه‌ن.