سێیەكی تووشبووانی كۆرۆنا هیچ نیشانەیەكی ڤایرۆسەكەیان لەسەر دەرنەكەوتووە

تەندروستی

31/05/2020‌ 406 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی نوێی نووسینگەی ئاماری بەریتانی  ONS، سێیەكی ئەو كەسانەی لەبەریتانیا تووشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بوون هیچ نیشانییەكی نەخۆشییەكەیان لەسەر دەرنەكەوتووە .

نووسینگەی ئاماری بەریتانیا دەڵێت: ئەو ژمارەیە گرنگی دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی پیشان دەدات بۆ دووربوون لەتووشبوونی ڤایرۆسەكە تەنانەت لەڕێگای ئەو كەسانەی، كە وەك دەردەكەوێت خاوەن تەندروستییەكی باشیش بن.

هەروەك لێكۆڵینەوەكە دەریخستووە، كە لەكۆی ١٥ كەس یەك كەس دژە تەنی هەیە و ئەگەری تووشبوونی زۆر كەمە، بەڵام ڕێژەی ئەو كەسانە كەمە و مەترسی لەسەر دەوروبەرەكەیان هەر دەمێنێت .

ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوەیەش پشتراستكردنەوەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكی ترە، كە لەسەرەتای مانگی ئایار لەئەڵمانیا كراوە و دەریخستووە لەوڵاتی ئەڵمانیا لەكۆی پێنج كەس یەك كەس نیشانەكانی نەخۆشی كۆرۆنای نوێیان لەسەر دەرناكەوێت .

لای خۆیەوە پزیشك مارتن ئیكسنەر یەكێك لەئامادەكارانی لێكۆڵینەوەكە دەڵێت: تووشبوونی كەسێك لەكۆی پێنج كەس، كە هیچ نیشانەیەكی لەسەر دەرنەكەوێت مانای ئەوەیە دەكرێت گومانی ئەوە بكرێت ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشییەكە بوون و ئەوانەی پەتاكە بۆ كەسانی تر دەگوازنەوە ناكرێت بەشێوەیەكی جێ متمانە و لەسەر بنەمای نیشانە ناسراوەكانی نەخۆشییەكە دەستنیشان بكرێن.

بۆ ئەوەش ئیكسنەر جەختی لە گرنگی ڕێزگرتن لە دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی و ڕێكارەكانی پەیرەوكردنی پاكوخاوێنی كردووەتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی