گۆڕانكاری نوێ لەبارەی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران لە عێراق

ئابوری

31/05/2020‌ 1620 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشنیازێكی نوێی لەبارەی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران پێشكەشی حكومەت كردووە، كە بەپێی ئەوە لەسەدا حەفتای دەرماڵەی فەرمانبەران دەبڕدرێت.

لەو بارەیەوە حەنین قەدۆ ئەندامی لیژنەكە وتی: لیژنەی دارایی پێشنیازێكی نوێی داوەتەوە حكومەت بەوەی لەسەدا حەفتای دەرماڵەی فەرمانبەران وەك پاشەكەوتی ناچاری ببڕدرێت و لەدوای كۆتایی هاتنی قەیرانی دارایی بۆیان خەرج بكرێتەوە .

قەدۆ باسی لەوە كردووە، ئەو رەخنانەی بوونی دوو موچەیی و فرەموچەیی دەگیرێت، یان ئەو كەسانەی زێدەمافی و موچە و دەرماڵەیەكی خەیاڵی وەردەگرن لەجێگای خۆیەتی، بەڵام كارەكە پێویستی بە دانانی یاسای نوێ یان هەمواكردنەوەی یاسا هەیە.

بەقسەی قەدۆ ئەوانە دژ بەوەن لەهەر دۆخێكدا بێت دەست بۆ موچەی فەرمانبەران ببرێت، بەڵام وتی: ئەو قەیرانە داراییە و لێكەوتەكانی پێویستی بەوەیە ئەو هەنگاوە بنرێت.

بەهۆی هەرەسهێنانی نرخی نەوت و درووستبوونی قەیرانی داراییەوە حكومەتی عێراق لەدابینكردنی موچەی فەرمانبەران تووشی ئاستەنگ بووە، بەجۆرێك بۆ دابینكردنی موچەی مانگی ئایار قەرزی لە سێ بانكی حكومی ناوخۆیی كردووە و باس لەوەش دەكرێت بۆ دابینكردنی موچەی مانگی حوزەیران سێ ملیاری دۆلاری لە وڵاتانی كەنداو قەرز كردبێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی