سەنگافوورە یان لوبنان.. كازمی لە عێراق دوو رێگای لەبەردەمدایە

عیراق

31/05/2020‌ 1810 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
رۆژنامەی "ئاسیا تایمز" لەراپۆرتێكدا باسی لە ئایندەی عێراق لەژێر سایەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیری نوێدا كردووەو دەڵێت: عێراق دوو بژاردەی لەبەردەمدایە، یان ئەوەتا وەك سەنگافوورەی لێدێت‌و دەبێتە وڵاتێكی پێشكەوتوو یان وەك لوبنان لەپشكپشكێنە و گەندەڵیدا نغرۆ دەبێت .

رۆژنامەكە ئاماژەی بەدوو بابەتی یەكلاكەرەوە و چارەنووسساز كردووە، كە ڕووبەڕووی كازمی دەبێتە ئەگەر بیەوێت لە ئەركەكەیدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، یەكەمیان تێپەڕاندنی ئەو پشكپشكێنەیە، كە لەساڵی ٢٠٠٣ وە عێراقی لەسەر بنیاد نراوە، دووەمیشیان تێكەڵكردنی میلیشیا چەكدارییەكانی ناو حەشدی شەعبییە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق .

رۆژنامەكە لە راپۆرتەكەیدا باسی لەوەش كردووە، كە ئەو دوو بابەتە چارەنووسی كازمی و ماوەی مانەوەی لە پۆستەكەیدا دیاری دەكەن .

راپۆرتەكە داوای لەسەرۆك وەزیری نوێی عێراق كردووە سوود لەگۆڕانی هەڵویستی دوو لایەنی گرنگی سەر گۆڕەپانی عێراق وەربگرێت، كە دەتوانن رۆڵێكی دیار لەسەركەوتنی ئەركەكانی كازمیدا بگێڕن، كە یەكەمیان ناوخۆییەو خۆی، كە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی شیعەكانی عێراقدا دەبینێتەوە، بەجۆرێك باس لەوە دەكرێت، كە سیستانی لەرەفتاری میلیشیا چەكدارییەكانی سەر بە ئێران بێزار بووەو ئامادەیی دەربڕیوە بەوەی هەژموونی خۆی بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی ئەو گرووپانە بخاتە ژێر كۆنترۆڵ و دەسەڵاتی دەوڵەت .

بەڵام لایەنی دووەم بریتییە لە ئەمەریكا، كە بەپێی راپۆرتەكە هەڵوێستی لەبەرانبەر سیستەمی پشكپشكێنە لە عێراق گۆڕاوە، ئەوەش لەمیانی لێدوانی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكادا دەركەوت كاتێك داوای لەبەرپرسانی عێراق كرد دەستبەرداری سیاسەتی پشكپشكێنە ببن و هەنگاو بەرەو پێكهێنانی حكومەتێك بنێن، كە گەل لێی رازی بێت .

راپۆرتەكە وایدەبینێت، كە ئەو دوو هەڵوێستە ئاماژەیە بۆ روودانی گۆڕانكاری لەتێروانینی ئەو دوو هێزە، كە خۆی لە دامەزراوەی ئاینی نەجەف و ئەمەریكادە دەبینێتەوە، كازمیش دەتوانێت سوود لەو گۆڕانكاریانە وەربگرێت .

بۆ بەجێهێنانی ئەو ئەركەش كازمی دەبێت هەنگاوی یەكلاكەرەوە و بەهێز دژ بە سیستەمی پشكپشكێنە و میلیشیا چەكدارییەكان بنێت، لەبەرئەوەی بەگوێرەی راپۆرتەكە گۆڕانكاری پێبەپێ سەركەوتوو نابێت.

لەبەشێكی تری راپۆرتەكەدا هاتووە، ئەگەر كازمی گومانی هەیە ئەوە پێویستە چاوێك بەئەزموونی لوبنان دا بخشێنێت، كە دەبینێت چۆن میلیشیا ناحكوومییەكان، كە خۆی لەحیزبوڵڵای لوبنانیدا دەبینێتەوە و لە سوپای نیشتمانی وڵاتەكە بەهێزترن، هەروەك هێشتا سیاسییەكانی ئەو وڵاتە لەبیركردنەوەی تایەفیدا نغرۆ بوون، لەبەر ئەوە نموونەیەك نییە بەكەڵكی ئەوە بێت عێراقییەكان چاوی لێبكەن.

هەروەك دەڵێت: دەوترێت نموونەی دڵخوازی كازمی بریتییە لە سەنگافوورە، بەجۆرێك وێنەی یەكەم سەرۆك وەزیری ئەو دەوڵەتە پێشكەوتووە لەنووسینگەكەی كازمی لە بەغدا دانراوە .

لەكۆتاییدا دەڵێت: بۆ ئەوەی عێراق ببێتە سەنگافوورە، دەبێت واز لەوە بێنیت وەك لوبنان هەڵسوكەوت بكات، ئەوەش مانای وایە دەبێت بڕیاری چارەنووسسازی دوورمەودا بدات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی