عێراق و روسیا پشكی شێری بازاڕی نەوتی چینیان لەسعودییە وەرگرتووەتەوە

ئابوری

31/05/2020‌ 1088 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:  
بەگوێرەی پێگەی "ئۆیڵ پڕایس" لەمانگی نیساندا روسیا لەهەناردەكردنی نەوتی خاو بۆ بازاڕی چین پێش سعوودییە كەوتووەتەوە و رۆژانە ١،٧٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەو وڵاتە كردووە لەكاتێكدا سعودییە رۆژانە ١،٢٦ ملیۆن بەرمیلی هەناردە كردووە .

پێگەكە باسی لەوە كردووە، كە لەناو هەناردەكارانی نەوت بۆ چین لەدوای روسیا عێراق پلەی دووەمی گرتووە و سعودییە بۆ پلەی سێیەم دابەزیوە .

لەمانگی ئازاردا سعودییە رۆژانە ١،٧ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی چین دەكرد لەكاتێكدا روسیا ١،٦٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی ئەو وڵاتە كردووە، بەوپێیەی لەسەر بنەمای تێكرای هەناردەی مانگانە سعودییە پاشەكشەیەكی زۆری كردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا چاودێران پێیانوایە پاشەكشەی پشكی سعودییە لەبەرانبەر نەوتی روسی تەنیا پاشەكشەیەكی كاتییە .

كۆمپانیای Votexa بۆ بەدواداچوونی تانكەرەكانی نەوت باسی لەوە كردووە، كە لەكۆتاییەكانی مانگی ئایار، دەتوانرێت بارە نەوتەكانی سعودییە بۆ وڵاتی چین بۆ دوو ئەوەندە زیاد بكرێت .

شارەزایانی كۆمپانیای  IHS Markit، كە پەیوەندیدارە بە زانیارییەكانی پەیوەست بە وزە، جەختیكردووەتەوە كە سعودییە لەمانگی نیساندا زیاتر مەبەستی بووە پشكی خۆی لە بازاڕی نەوتی وڵاتانی رۆژئاوایی زیاد بكات .

باسیان لەوەش كردووە، كە لەئێستادا سعودییە بەرهەمهێنان و باركردنی نەوتی كەمكردووەتەوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت جارێكی تر گرنگی بە بازاڕی چین بداتەوە .

ئەو ململانێیەی لەنێوان سعودییە و روسیا لەسەر بازاڕی نەوتی چین هەیە لەكاتێكدایە، كە داواكاری لەسەر نەوتی خاو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر كەمی كردووە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی