هەڵۆكانی ئێران چارەنووسی حەسەن رۆحانی دیاریدەكەن

مەلەفی تایبەت

31/05/2020‌ 944 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری "نیزافیسیمایا غازیتا" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی مەترسییەكانی سەندنەوەی متمانە لەحكومەت لەلایەن پەرلەمانی نوێوە، كە تێیدا مەزاجی دژە رۆحانی تێدا زاڵە.

بەپێی راپۆرتەكە، پەرلەمانی ئێران لە ٢٧ی مایۆوە دەستی كردووە بەپێكهاتنی نوێ، تێیدا نزیكەی ٧٥% یاسا دانەرەكانی ئەم خولە پارێزگارەكانن و رەخنە لە ئیدارەی ئێستای چاكسازی دەگرن. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئەمەش جێگای دڵەڕاوكێیەكی توندە نەك تەنیا دەربارەی چارەنووسی رۆحانی، بەڵكو حكومەتی ئێستاش، دیارە حكومەتی ئێستای ئێران نیو هەنگاوی ماوە بۆ ئەوەی متمانەی لێوەربگیرێتەوە.

لە دۆخی قەیرانەكاندا، دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە ئێران بە ئامانج دەگیرێت، بەتایبەتی لەلایەن بازنەی پارێزگارەكانەوە، دیارە بەرپرسیاری ئیدارەی سەرۆكایەتی، بۆ نموونە ئەوەی پەیوەندی هەبوو بەزیادكردنی نرخی بەنزین لەساڵی رابردوو، هەتا ئەو خۆپیشاندانانەی بەهۆیەوە بەرپا بوون، خرایە سەر شانی حكومەت.

لەم بارەیەوە، شارەزا لەئەنجوومەنی روسی بۆ كاروباری دەرەوە، كە لە ئێران نیشتەجێیە (نیكیتا سماغین) دەڵێت: ئەگەر تەماشای پەرلەمانی پێشوو بكەین، خولی دەیەم، هاوسەنگی هێزەكان تێیدا لە بەرژەوەندی سەرۆكدا بوو.

هەروەها دەڵێت: لەگەڵ ئەوەدا و لەگەڵ ئەم پەرلەمانەشدا رۆحانی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا تووشی كێشەی گەورە بووەوە.

دۆخەكە ئاڵۆزە، بەهۆی ئەوەی حكومەت لەئێستادا هەنگاوێكی ماوە بۆ ئەوەی ئەندامانی پەرلەمان متمانەی لێوەربگرنەوە. 

بەگوێرەی مادەی ١٠٦ ی دەستوری ئێران، ئەگەر نیوەی وەزیرەكان لە یەك ماوەیەكدا گۆڕدران، پێویستە حكومەت دەست لەكاربكێشێتەوە و لە نێوان ١٩ وەزیردا لە ماوەی خولی دووەمی رۆحانیدا ٩ وەزیریان گۆڕاوە. 

ئێستا تەنیا یەك وەزیر ماوە بۆ دەستپێكردنی ئەم میكانیزمە، ئەگەریش رووبدات، دەبێتە یەكەم حاڵەت لە مێژووی كۆماری ئیسلامیدا، شتێكی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، تەنیا یەك ساڵ ماوە بۆ ئەوەی رۆحانی لە كاردا بمێنێ، بەڵام سماغین بە دوری نازانێت سەرۆكی رۆحی یان كۆدەنگی دەستەبژێرەكان ببێتە هۆی ئەوەی بە ئارامی خولی دووەم تەواو بكرێت، بەبێ ئەوەی پەرلەمان پەنا بۆ پەك خستنی چالاكییەكانی حكومەت بەرێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا