بژاردەكانی بەردەم ئەمریكا بۆ ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق

ڕاپۆرت

31/05/2020‌ 834 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕانج عەلائەدین لە پۆستێكیدا لەسەر پێگەی سەنتەری بڕۆكنگزی ئەمریكی بۆ توێژنەوەكان نوسیوویەتی: واشنتۆن و بەغدا لە ڕێگەی گفتوگۆی ستراتیژی مانگی ئایندەی نێوانیان، هەلی ئەوەیان هەیە پەیوەندییەكانیان ڕێكخەنەوە.

نووسەر باسی ئەوەی كردووە، دەكرێت ئەو پەیوەندییە  بەرهەمدار و كارا بێت، ئەمەش دوا ئەوەی بە هۆی كردەی كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسەوە پەیوەندییەكان بارگرژییان تێكەوت.

مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش لە 7 ی ئیپڕیل داوای گفتوگۆیەكی ستراتیژی نێوان واشنتۆن و بەغدای كردبوو بۆ ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان. 

گفتوگۆكانیش سەرجەم كایەكانی پەیوەندی نێوان هەردوولا لە خۆدەگرن و لە نێوان گەورە بەرپرسانی ئەمریكا و عێراقەوە بەرێوەدەچن.

نووسەر 6 پێشنیاری خستوونەڕوو، دەكرێت یارمەتیدەربن لە ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە قۆناغی ئایندەدا.

لایەنە چەكدارە جیابووەكانی حەشدی شەعبی
نوسەر پێشنیاز دەكات لە بری داواكاری هەڵوەشاندنەوەی تەواوی حەشدی شەعبی، واباشە‌ پەیوەندییەكی دوورمەودایان لەگەڵ ببەسترێت، پێشی وایە جیابوونەوەی میلیشیاكانی سەر بە سیستانی، هەلێكە بۆ واشنتۆن بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵیاندا. نوسەر پێشنیای ئەوەش دەكات كار لەگەڵ مستەفا كازمیدا بكرێت بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانی سەربازی بەو لایەنانەی‌ جیابوونەوە، مەشق و ڕاهێنانیان پێ بكرێت و بە هۆی ئەوانیشەوە تەرازووی هێز بەلای واشنتۆندا بخەن، نوسەر ئەوەش بەدوور نازانێت ئەو كارە ، چ راستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ، لە ڕێگەی مستەفا كازمییەوە مەیسەر بێت.

داكشانی ئاستی پێشبینییەكان
نوسەر داوا دەكات واشنتۆن پێشبینی ئەوە نەكات عێراق جڵەوگیری بریكارەكانی ئێران بكات لە عێراقدا، چونكە سەرباری داكشانی هەژموونیان بە هۆی ڕۆڵی نەرێنییان لە خۆپێشاندانە جاوەرییەكانی ئەم دوایەی عێراق و ئەو بۆشایەش كە كوشتنی سلێمانی و موهەندیس دروستیان كردووە، بەڵام هێشتا سوپا و كازمی ناتوانن جڵەوگیری ئەو میلیشیایانە بكەن، چونكە سوپا سەرقاڵی جەنگانە لە دژی گروپە چەكدارەكان و دامركاندنەوەی كێشە خۆجێیەكان، ئەمە جگە لەوەی كازمی هێشتا لە پۆستەكەیدا تازەیە و بنكەیەكی سیاسی بەهێزی بۆ خۆی دانەمەزراندووە.

یارمەتیدانی مەرجدار
نوسەر پێشنیاری ئەوە دەكات یارمەتی كازمی بدرێت لە حوكمڕانیدا، بەڵام پێی وایە دەبێت واشنتۆن خۆی لە پرسی دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق بەدوور بگرێت، چونكە ئەو پرسە سوود بە ئێران دەگەیەنێت، ئەمە جگە لەوەی ئەستەمە كارێكی لەو جۆرە لە ژینگەی سیاسی ئێستای عێراقدا جێبەجێ بكرێت، چونكە ئێران تیایدا خاوەن هەژموونە و سیاسییە عێراقیەكانیش سەبارەت بە پرسە خۆجێی و دەرەكییە بنچینەییەكان كۆدەنگ نین؛ وەك مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بۆیە لە بری ئەوە پێشنیار دەكات واشنتۆن كار بۆ ئامانجی نزیكمەودا بكات، وەك پشتیوانیكردن لە عێراق لە بنیاتنانی بونیادێكی بانقی و دارایی تازە، بەردەوامبوون لە بەدەركردنی عێراق لە سزا ئەمریكییەكانی سەر ئێران، پشتیوانیكردن لە بەغدا لە دەستكەوتنی یارمەتی لە سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی  و بانقی نیودەوڵەتی، دووبارە ڕێكخستنەوەی قەرزەكانی عێراق، هەموو ئەمانەش دەكرێت پشكداری بكەن لە پاڵپشتیكردنی ئابووری عێراق و پڕۆژە دوورمەوداكانی بنیاتنانی دەوڵەتی عێراق.

كارتی كوردەكان
نوسەر جەخت لەوە دەكاتەوە كە گرنگی بە خاڵە بەهێزەكانی دیكە بدرێت كە دەكرێت جڵەوگیری چارەنووسی كازمی بكەن لە قۆناغی ئایندەدا، وەك كارتی كوردەكان، بۆیە پێشنیار دەكات پشتیوانی سیاسی و سەقامگیری بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكرێت كە ئەمریكا بوونێكی بەهێزی لەو هەرێمەدا‌ هەیە. نوسەر پێی وایە گرنگی تواناداركردنی كوردەكان لەوەدایە، كە ئەگەر واشنتۆن ناچار بوو پێش دەستخستنی بەرژەوەندییە سەرەكییەكانی لە عێراق بكشێتەوە، ئەو كات واشنتۆن پێویستی بەوان دەبێت و دەكرێت سودیان لێوەرگرێت. 

پشتیوانیكردن لە دۆستەكان
نوسەر داوا لە ئەمریكا دەكات هاوپەیمانەكانی فەرامۆش نەكات، مەبەستیشی كورد  و سونەكانە، بۆیە دەڵێت كە سەرباری ناكۆكییەكانی نێوان واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی، دەبێت واشنتۆن خۆی لەوە بەدوور بگرێت هەڵوێستیان لاواز بكات و هەژموونی نەیارەكانیشی بەرەو هەڵكشان بەرێت، لەمەوە‌ نوسەر پێشنیار دەكات ئەمریكا ئەوە بكات كە ئێران دەیكات، دەبێت واشنتۆن لەمەیاندا لاسایی تاران بكاتەوە كە پێی وایە هێرش بۆ سەر هاوپەیمانەكانی هێرشە بۆ سەر تاران، كاتێكیش هاوپەیمانەكانی ناكۆكییان تێدەكەوێت تاران نێوانگیرییان دەكات.

نەوەی نوێی سەركردە عێراقییەكان
نوسەر داوا لە واشنتۆن دەكات پەیوەندی لەگەڵ نەوەی نوێی سەركردە عێراقییەكاندا دروست بكات، ئەوانەشیان توانادار بكات كە خاوەن توانست و ئەقڵیەتێكی چاكسازین، بەوانەشەوە كە ئێستا حوكمڕانی دەكەن، نوسەر پێی وایە كە تواناداركردنی چینێكی سیاسی خاوەن ئەقڵەیەتی چاكسازی، پاڵ بە سەركردە خاوەن توانستە عێراقییەكانەوە دەنێت پارێزگاری لە سیستەمی سیاسی ئێستایان بكەن، چونكە ئەوانە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی چارەسەرە مامناوەندەكانەوە، لە هەوڵی نوێكردنەوەی عێراقدا دەبن.

سەنتەری "ئەتڵانتیك" بۆ لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكان لە واشنتۆن، لە ڕاپۆرتێكی پێشوویدا باسی لە‌ لە ئایندەی پەیوەندییەكانی واشنتۆن- بەغدا كردووە و دەڵێت كە حكومەتی عێراق كۆششیەتی پارێزگاری لە جۆرێك لە پەیوەندییە دبلۆماسی و ئابوورییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا بكات، بێ ئەوەی بەم كارەی ئێرانی دراوسێی توڕە بكات.
ڕاپۆرتەكەی ئەتڵانتیك پێشنیاری ئەوەش‌ دەكات ئەمریكا خۆی بەدوور بگرێت لەو ململانێیەی لە ئێستادا لەگەڵ ئێران هەیەتی، بەوەی ژمارەی هێزەكانی كەم بكاتەوە و تایبەتیان بكات بە جەنگان دژ بە داعش و ڕاهێنانی هێزە عیراقییەكان.

ڕاپۆرتەكە پێشی وایە دەبێت تاران ڕێگە لە بریكارە عێراقییەكانی بگرێت لە هێرشكردنە سەر ئامانجە ئەمریكییەكان و هەلیش بۆ حوكمڕانی كازمی بڕەخسێنێت.

ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی  "وڵستریت جۆڕناڵ" دەڵێت كە ئەركەكەی كازمی ئەوەیە هاوسەنگی لە نێوان واشنتۆن و تاراندا ڕابگرێت و عێراق دووربخاتەوە لەوەی ببێتە گۆرەپانی جەنگی نێوانیان.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی ئەلحوڕە
وەرگێران : لوقمان حاجی قادر