پارتی ترسی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق هەیە

کوردستان

01/06/2020‌ 1601 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەیادە نەججاڕ پەڕلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مەترسی خۆی دەربڕیوە لەوەی لەحاڵەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراق ئاژاوە و بێسەرەوبەرەیی لە وڵاتدا دروست ببێت.

پەرلەمانتارەكەی پارتی لەلێدوانێكدا وتی: رۆیشتن بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە، یان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان وڵات دەخاتە ئاژاوە و بێسەرەوبەرییەكەوە، كە ناتوانرێت لێی دەربچین.

هەروەها ڕوونیشیكردووەتەوە، كە هەنگاونان بەو ئاراستەیە دەبێتە هۆی كۆتاییهێنانی یەكجارەكی بە پرۆسەی سیاسیی لە عێراق.

نەججار ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە هێشتا یاسای هەڵبژاردنەكان دەنگی لەسەر نەدراوە و بودجەی گشتی فیدراڵی پەسەند نەكراوە، ئەوە جگە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە هەموو ئەوانە كوتلە سیاسییەكانی نیگەران كردووە لەوەی هەنگاو بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە یان هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان بنرێت . 

بەڕێوەجوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە یەكێكە لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی عێراق و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیری نوێی عێراقیش لە یەكێك لە خاڵەكانی كارنامەی حكومەتەكەیدا جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە كردووەتەوە، هەروەك چۆن لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی نوێدا كازمی رایگەیاند، یەكێك لە كارە لەپێشینەكانی حكومەتەكەی بریتی دەبێت لە ڕەخساندنی دۆخێكی ئارام و تەندروست بۆ بەڕێوەجوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی