عێراق بڕی هەناردە و داهاتی فرۆشتنی نەوتی مانگی رابردووی بڵاوكردەوە

عیراق

01/06/2020‌ 700 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عێراق ئاماری هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی بۆ مانگی ئایار ئاشكراكرد كە لەومانگەدا 99 ملیۆن و 585 هەزار و 283 بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە کە بەهاکەی دوو ملیار و 91 ملیۆن و 811 هەزار دۆلار بووە.

لەبەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ دووشەممە، عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەكردووە، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق  سۆمۆ كۆی گشتیی بڕی نەوتی هەناردەكراو لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، گەیشتووەتە 99 ملیۆن و 585 هەزار و 283 بەرمیل کە داهاتەكەی دوو ملیار و 91 ملیۆن و 811 هەزار دۆلار بووە.

رونیشیكردووەتەوە، بڕی نەوتی هەناردەكراو لە كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، 96 ملیۆن و 39 هەزار و 852 بەرمیل بووە. 
هاوكات بڕی نەوتی هەناردەكراویش لە كێڵگەكانی كەركووك بە ئاڕاستەی بەندەری جەیهان لە تورکیا، سێ ملیۆن و 545 هەزار و 431 بەرمیل بووە.

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رونیشیكردووەتەوە، ڕۆژانە سێ ملیۆن و 212 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەكراوە كە سێ ملیۆن و 98 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە  لە بەندەرەكانی بەسڕەوە هەناردەكراوە و 114 هەزار بەرمیل نەوتیش لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەكراوە.

عاسم جیهاد  ئاشکراشیکردووە، لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، یەك بەرمیل نەوت بە 21 دۆلار فرۆشراوە.