زانایەكی ئەمەریكی هۆشداریدەدات لە نەخۆشییەك كە رەنگە نیوەی دانیشتووانی جیهان لەناو ببات

تەندروستی

02/06/2020‌ 4092 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
زانای ئەمەریكی مایكڵ گریگەر لە كتێبی "چۆن خۆت لەپەتا رزگار دەكەیت " دەڵێت: ئەو نەخۆشییانەی لە كێڵگە پەلەوەرییەكاندا بڵاودەبنەوە وەك ئەنفلۆنزای باڵندە زۆر لە ڤایرۆسە تاجییەكان لەسەر مرۆڤایەتی ترسناكترن.

گریگەر دەشڵێت: كێڵگە پەلەوەرییەكان مرۆڤ دەخەنە بەر ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسێكی بكوژی ئەوتۆ، كە ئەگەری هەیە نیوەی دانیشتووانی جیهان لەناوبەرێت.

دكتۆر گریگەر لەكتێبەكەیدا هەروەها دەڵێت: كێڵگە پەلەوەرییەكان زۆر مە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر مرڤایەتی مەترسیدارترن، كە تا رۆژی یەكشەممە 6,210,140 كەسی تووشكردووە و لەو ژمارەیەش 372,092 كەسیان گیانی لەدەستداوە و هێشتاش بەردەوامە لەچنینەوەی گیانی تووشبووان.

ئەو زانا ئەمەریكییە پێیوایە پشتبەستنمان بە گۆشت وامان لێدەكات بەردەوام مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی نوێمان لەسەر بێت .

ئەنفلۆنزای باڵندە نەخۆشییەكی درمە و لەنێو باڵندەكاندا بڵاودەبێتەوە و لەهەندێك حاڵەتی دەگمەنیشدا مرۆڤ تووشدەكات، وەك ئەوەی لەساڵی ١٩٩٧ لە هۆنگ كۆنگ لەڕێگای ڤایرۆسی H5N1 وە بڵاوبووەوە .

گریگەر، كە پشتگیری لە سیستەمی خۆراكیی گیاخۆریی دەكات ئەوەش دەڵێت: گۆڕین و باشكردنی ڕێگای بەخێوكردنی پەلەوەر رەنگە مەترسییەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكان كەمبكاتەوە .

ئەو هەروەها دەڵێت: جێگاكانی پەروەردەكردنی پەلەوەرەكان تەسكە و ڕێگە بە پەلەوەرەكان نادات باڵەكانی بجوڵێنێت، كە ئەمە وادەكات ئاستی ئامۆنیا (NH )  لە پاشماوەكەیدا بەرز بێت، كە ئەمە ژینگەیەكی گونجاو بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دروست دەكات .

باسی لەوەش كردووە، كە تا گردبوونەوەی ئاژەڵەكان بەیەكەوە زیاتر بێت ئەگەری بڵاوبوونەوە و هاتن‌و چوونی ڤایرۆسەكە زیاتر دەبێت .

وەرگێڕان: ئاكۆعەبدوڵڵا ئاڵی