نیشانەكانی جەڵدەی مێشك چین؟

تەندروستی

02/06/2020‌ 1502 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ یارمەتیدانی نەخۆشانی سەكتەی مێشك رایگەیاند، لەكاتی گومانكردن لە تووشبوون بە سەكتەی مێشك پێویستە بەخێرایی فریاكەوتن بۆ كەسی تووشبوو بكرێت، لەبەر ئەوەی لەوحاڵەتەدا هەموو خولەكێك بەهای خۆی هەیە.

كۆمەڵەكە ڕوونیكردووەتەوە، كە نیشانەكانی سەكتەی مێشك (مێشك وەستان) خۆی لە نیشانەكانی ئیفلیجیدا دەبینێتەوە وەك بێتوانایی لەبەرزكردنەوەی دەستەكان و ناهاوسەنگی لەكاتی رۆیشتن و خواربوونی گۆشەی دەم و تێكچوونی قسەكردن وەك دەنگ و قورسی گۆكردن و تێكچوونی بینایی وەك بینینی تەمومژاوی، ئەوە سەرباری قورسی قوتدان و سەرئێشەی توند و سەرسووڕان و رشانەوە.

هەروەك ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، كە فاكتەرە مەترسیدارەكانی تووشبوون بەسەكتەی مێشك بریتین لە بەتەمەنداچوون، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشی شەكرە، نەخۆشییەكانی دڵ، تیكچوونی پرۆسەی سووتاندنی چەورییەكان، ئەوە سەرباری قەڵەوی و جگەرەكێشان و خواردنەوەی مەی.

كۆمەڵە ئەڵمانییەكە هۆشداری داوە لە پشتگوێخستنی سەكتەی مێشك لەكاتی گونجاودا بەوەی ئاكامی ترسناكی دەبێت وەك ئیفلیجبوون و دواكەوتنی توانا هۆشەكییەكان، لە خراپترین حاڵەتیشدا دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی كەسەكە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی