ناكۆكییەكانی یەكێتی و پارتی چوونی شاندی هەرێمی بۆ بەغدا دواخستووە

کوردستان

02/06/2020‌ 1355 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری ناسراوی كورد هۆكاری دواكەوتنی چوونی شاندی دانووستانكاری هەرێمی كوردستانی بۆ گفتۆگۆكردن لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدای ئاشكراكرد.

عوسمان لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: سەرهەڵدانەوەی ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكرات لەبارەی چەند بابەتێكی ناوخۆی هەرێم كاریگەریی نەرێنی لەسەر یەكگرتوویی بڕیاری كوردی هەبووە.

مەحمود عوسمان ڕوونیشیكردووەتەوە، بەو هۆیەوە لەئێستادا ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پەكیان كەوتووە، دواجار هیچ ڕێككەوتنیك لەنێوان لایەنە كوردییەكاندا نییە لەسەر ئەو بابەتانەی دەبێت لەگەڵ حكومەتی ناوەندی گفتوگۆی لەبارەوە بكەن.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە سەردانی شاندی هەرێم پەیوەستە بە ڕێكەوتنی لایەنە كوردییەكان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوانیان، ئەوەش پێویستی بەوەیە كۆبوونەوەی چڕو پر بۆ نەهێشتنی ئەو ناكۆكیانە گرێ بدرێت.

وابڕیار بوو لەدوای پشووەكانی جەژنی رەمەزان شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ تەواوكردنی دانوستانەكانی پەیوەست بە رێكەوتنی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەند سەردانی بەغدا بكات، بەڵام هێشتا كاتی سەردانی شاندەكە دیار نییە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی