باڵیۆزی ئەمه‌ریکا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەرده‌بڕێت

کوردستان

02/06/2020‌ 501 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق كۆبوونه‌وه‌ و  باسی دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق کرا کە بڕیارە لەم مانگەدا بە بەشداری هەریمی کوردستان بەڕێوەبچێت، لەمبارەیەشەوە هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە، هەرێم دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ ببینێت لەسەرخستنی ئەم دیالۆگەدا.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدایان تاوتوێ كرد، لە کۆبوونەوەیەكدا كە لە هەولێر بەرێوەچوو، هەریەکە لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. یوسف گۆران بەشدار بوون، بە گرنگییەوە باس لە پێویستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا کرا و بارودۆخی ئەمنی ناوچەكە و مەترسییەكانی داعش تاوتوێ كران.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق کرا کە بڕیارە لەم مانگەدا بە بەشداری هەریمی کوردستان بەڕێوەبچێت، لەمبارەیەشەوە هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە، هەرێم دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ ببینێت لەسەرخستنی ئەم دیالۆگەدا.

لای خۆشییەوە قوباد تاڵەبانی، بۆچوونی حکومەتی هەرێمی سەبارەت بە چۆنیەتی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا شیکردەوە، باڵیۆزی ئەمریکاش پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ  گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەربڕی.