حکومەتى عێراق چۆنیەتى کەمکردنەوەى مووچەى فەرمانبەرانى راگەیاند

عیراق

03/06/2020‌ 1879 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتى عێراق بڕیاریدا بە کەمکردنەوەى مووچەى فەرمانبەران و پلە باڵاکان کە بەپێی ئاستی مووچەکانیان رێژەیەکیان لێ دەبڕدرێت.

لەوبارەیەوە ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنەكەیان لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی میكانیزمی كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەكات، بەپێی پلانەكەی سەرۆكوەزیران مستەفا كازمی كەمكردنەوەكە بەرێژەی 50% بۆ 70% دەبێت، بەڵام ئێمە وەك لیژنەی  دارایی چەند پێشنیازێكی دیكەشمان دەبێت ئەمڕۆ گفتوگۆی لەبارەوە دەكەین.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکردوە، بڕیاری كەمكردنەوەی مووچە لە سەرەتای مانگی حەوت دەچێتە بوار جێبەجێكردنەوە ‌و گوتی: "كەمكردنەوەی مووچە لە عێراق پەیوەندی بە فەرمانبەرانی كوردستانەوە نییە، بەڵام ئەگەر هەیە كەمكردنەوەكە لەو بودجەیە بێت كە بۆ كوردستان دەنێردرێت".

ئەو پەرلەمانتارە بە رووى راگەیاندوە، بەپێی دەستکاریکردنەکە دەبێ مووچەی مانگانەی فەرمانبەر دوای کەمکردنەوە لە 500 هەزار دینار کەمتر نەبێ،  تەنیا 50% دەڕماڵە دەدرێتە ئەو فەرمانبەرانەی کە تێکرای مووچەی مانگانەیان لە 500 هەزار دینار زیاترە.

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، 100 ٪ دەرماڵە دەدرێتە ئەو فەرمانبەرانەی کە تێکرای مووچەی مانگانەیان لە 500 هەزار دینار کەمترە.70%ی دەرماڵە دەدرێتە سەرباز و هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی.

س.هـ