نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 70 دۆلار بەرزدەبێتەوە

ئابوری

04/06/2020‌ 5575 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕەعد تەویج پسپۆڕی ئابووری عێراقی پێشبینی دەكات نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو لە بازارەكانی جیهاندا بۆ ٧٠ دۆلاری ئەمەریكی بەرزببێتەوە.

تەویج لەلێدوانێكدا وتی: بەپێی پێدراوەكانی بازاڕی نەوت، پێشبینی دەكرێت نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو بگاتە حەفتا دۆلاری ئەمەریكی، بەتایبەت دوای كەمكردنەوەی ڕێكارەكانی كۆتوبەندكردنی ئابووری ئەو وڵاتانەی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا بڵاوبووەتەوە.

ئەو شارەزا ئابوورییە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ئەو وڵاتانەی ئابوورییەكەیان گەورەیە دەیانەوێت لەدەستپێكردنەوەی پرۆسە ئابوورییەكەیاندا قەرەبووی ئەو زیانانە بكەنەوە، كە لەماوەی رابردوودا بەر ئابوورییەكانیان كەوتووە، بەجۆرێك زۆرترین ژمارەی بێكاران بخەنەوە سەر كار، كە گەیشتووەتە شەش یەكی دانیشتووانی جیهان و زۆرترین ژمارەیە لەمێژوودا.

بەقسەی ئەو ئابووریناسە جیهان گەورەترین حاڵەتی وەبەرهێنان و بەرزترین تێكرای گەشەی ئابووری جیهانی، كە دەگاتە ١٠٪ بەخۆوە دەبینێت، كە ئەوە لەگەڵ پاشەكشەی بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین لە ئەمەریكا و كەنەدا و ڕێكەوتنی بازرگانی نێوان چین و ئەمەریكا و ڕێكەوتنی رێكخراوی ئۆپیك پڵەس بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەگونجێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی