دەنگۆی كاندیدكردنی بەیان سامی عەبدولرەحمان بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەیە

کوردستان

04/06/2020‌ 1615 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی مەعلومە، كە پشتی بە سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار بەستووە، رەنگە پارتی دیموكراتی كوردستان لەجیاتی فوئاد حوسێن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە، پەنا بۆ كاندیدكردنی بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا بەرێت.

ئەو سەرچاوەیە رایگەیاندووە، پارتی دیموكرات ویستی ئەوەی هەیە بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەجیاتی فوئاد حوسێن بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی عێراق بپاڵێوێت، كە باوكیشی لەساڵی ١٩٧٥ لەحكومەتی ئەوكاتی عێراق وەزیر بووە.

بەقسەی سەرچاوەكە كاندیدكردنی بەیان سامی هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی دەستپێكردنی دانوستانە ستراتیژییەكانی نێوان عێراق و ئەمەریكا، كە پارتی دەیەوێت ئەو دانوستانانە لەبەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە تا لەسەر حسابی لایەنەكانی تر سازش بە حكومەتی عێراق بكات.

دەنگۆی كاندیدكردنی بەیان سامی‌و دوورخستنەوەی فوئاد حوسێن لە پاڵاوتنی بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەكاتێكدایە، كە لایەنە عێراقییەكان سووربوونی خۆیان لەسەر رەتكردنەوەی ناوبراو دووپاتكردووەتەوە.

لەو بارەیەشەوە ئەسعەد مورشیدی پەرلەمانتاری رەوتی حیكمەی نیشتمانی باسی لەوە كردووە، كە زۆرینەی پەرلەمانتاران دژی كاندیدكردنی فوئاد حوسێنن پۆستی وەزارەتی دەرەوە، تەنانەت پەرلەمانتاران ئامادە نین بەپێچەوانەی ئەوە بەگوێی كوتلەكانی خۆشیان بكەن.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی