گفتوگۆی ستراتیژی عێراق و ئەمەریكا بەسەرپەرشتی راستەوخۆی مایك پۆمپیۆ ئەنجامدەدرێت

عیراق

04/06/2020‌ 648 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆكارەكانی دەستپێكردنی دانوستانە ستراتیژییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكای ئاشكرا كردووە و روونی كردۆتەوە كە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سەرپەرشتی راستەوخۆی دانوستانەكان دەكات و هەرێمی كوردستانیش لایەنێك دەبێت تێیدا .

تاڵەبانی لەلێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا وتی: پێشنیازی دووبارە دیاریكردنەوەی پەیوەندییە دوولایەنەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا لەدوای هێرشكردنە سەر فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ كردنەدەری هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق هاتووە.

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا تاڵەبانی وتی: لەدانوستانەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا جگە لەدیاریكردنی سرووشتی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و واشنتۆن لەبواری ئاسایش و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بوونی سەربازیی ئەمەریكی لەعێراق، باس لە پەیوەندییە بازرگانییەكانی عێراق لەگەڵ ئێرانیش دەكرێت بەتایبەت لەبواری وزەدا.

بەقسەی ا تاڵەبانی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا خۆی پێشنیازی ئەو دانوستانانەی كردووە و هەر خۆشی سەرپەرشتی راستەوخۆیان دەكات، روونیشیكردووەتەوە هەرێمی كوردستانیش بەشداری لە دانوستانەكاندا دەكات، بەو پێیەی سەبارەت بە كۆی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بابەتێكی چارەنووسسازە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی