ڕوسیا خۆی بۆ قۆناغی ستراتیژی ئایندەی لیبیا ئامادە دەكات

ڕاپۆرت

04/06/2020‌ 2137 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەردانەكەی ئەحمەد معێتیق- ی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی لیبیا و محەمەد تاهیر سیالە- ی وەزیری دەرەوەی حكومەتی سازانكاری لیبیا بۆ مۆسكۆ، ڕەنگدانەوەی ترسێكی قووڵە لەوەی مۆسكۆ‌ بازنەی دەستتێوەردانەكانی لە لیبیا لە بەرژەوەندی خەلیفە حەفتەر بەرفراوانتر بكات.

 لە هەمان كاتدا پێشبینی ئەوە دەكرێت ڕوسیا لە سایەی پەرلەمانی لیبیادا، خۆی بۆ دەستتێوردانێكی سەربازی ڕاستەوخۆ ئامادە بكات. ئەمەش نیشانەیە بۆ ناكۆكی لە نێوان عەقیلە ساڵح- ی سەرۆك پەرلەمان و خەلیفە حەفتەر، كە دووەمیان ڕۆژی 4 شەممە گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر.

پێشبینی ئەوە دەكرێت ئەركەكەی معێتیق و سەیالە، باوەڕپێهێنانی ڕوسیا بێت، بەوەی حكومەتەكەی فایز سەڕاج هیچ مەترسییەك بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ڕوسیا لە لیبیا دروست ناكات، هەوڵێكیشە بۆ فریودانی مۆسكۆ بە واژۆكردنی چەند ڕێككەوتننامەیەكی ئابووری، بەو مەرجەی مۆسكۆ دەستبەرداری بنیاتنانی بنكە سەربازییەكەی بێت لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی لیبیا.

ئەگەر بەرپرسەكانی حكومەتەكەی فایز سەڕاج لەو ئەركەیان بۆ مۆسكۆ سەركەوتووبن، ئەوا خزمەتێكی زۆر گەورە بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكەن كە لەو ماوەی دوایدا ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەكانی مۆسكۆ لە لیبیا گرتووە، فەرماندەیی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفریقیا "ئەفریكۆم" و باڵوێزی ئەمریكی لە لیبیا، ڕوسیایان بەوە تۆمەتبار كردووە كە بە ناردنی جەنگاوەرانی ڤاگنەر و فڕۆكەی جەنگی، پشتیوانی لە سوپای نیشتمانی لیبیا دەكەن.

میدیاكانی لیبیاش باسیان لە هەوڵەكانی معێتیق كردووە بۆ گرێدانی ڕێككەوتننامەیەك لەگەڵ ڕوسیادا بۆ دانەوەی سەرجەم قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر لیبیا  (لە سەردەمی یەكیەتی سۆڤیەتەوە بۆ ئێستا) كە بە 7 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، هەروەها ئاسانكاریكردن بۆ كۆمپانیا ڕوسییەكان لە كردەی گەڕان و پشكنین بە دوای نەوت و غازدا.

سیرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا وتی: بەردەوامبوونی حكومەتەكەی فایز سەڕاج لە تەڕابلوس بە دەستگیركردنی هاوڵاتییە ڕوسەكان، بەربەست دەخاتە بەردەم هەر جۆرە لێكتێگەیشتنێك لە نێوان مۆسكۆ و تەڕابلوسدا.

پێدەچێت بە هۆی ئەو ڕێككەوتننامە شاراوەی‌ لە نێوان مۆسكۆ و توركیا دایە بۆ دابەشكردنی هەژموونیان لە لیبیا، ڕێگە بۆ ڕوسیا خۆش بووبێت مامەڵە لەگەڵ هەردوو لایەنە ناكۆكەكەی لیبیادا بكات، ئەمەش بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ڕۆژئاوا دەخاتە مەترسییەوە.

چوارشەممەی ڕابردوو، سەرۆكایەتی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەكدا، نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە دۆخی لیبیا و ڕێككەوتننامەكەی نێوان توركیا و ڕوسیا كە پێی وایە بەرژەوەندی وڵاتانی دیكە دەخاتە مەترسییەوە، ئەوەشی گوت كە بە هۆی دەستێوەردانە دەرەكییەكانەوە (ڕوسی- توركی) تەنگژەی لیبیا ئاڵۆزتر بووە، هۆشداری ئەوەشی داوە كە دۆخەكە لە دەست هەمووان دەردەچێت. ماكڕۆن نیگەرانی خۆشی دەربڕیووە سەبارەت بە برەودان بە بوونی توركەكان بە گوێرەی چەند مەرجێكی زۆر مەترسیدار.

دوا شكستەكانی سوپای نیشتمانی لیبیا لە خۆرئاوای وڵات، بە هۆی دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی توركیا و خەمساری ڕوسیا لەوەی پشتیوانی پێشكەشی خەلیفە حەفتەر نەكردووە بۆ پارێزگاریكردن لە پێگە سەربازییەكانی، دووپاتی ئەوە دەكەنەوە كە لەوانەیە ئەو هەواڵانە ڕاستبن كە باس لە دابەشكردنی هەژموون دەكەن لە نێوان ڕوسیا و توركیادا لە لیبیا، بەوەی ناوچەی خۆرئاوا و باشور بۆ ئەنقەرە بێت و ناوچەی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتیش بۆ مۆسكۆ بێت.

چاوێران بە دوری دەزانن مۆسكۆ داشكاندن لە بەرزەفڕییەكانی بكات لە بوونی ڕاستەوخۆی لە لیبیا، ئەمەش واشنتۆنی تەنگەتاو كردووە، بۆیە هەڵمەتێكی سیاسی و میدیایی دەستپێكردووە كە زۆرێك پێیان وایە هەوڵێكی فشارئامێزی واشنتۆنە بۆ سەر ناتۆ، تاوەكو دەستوەردان لە لیبیادا بكات بۆ بەرگرتن لە بەرزەفڕییەكانی مۆسكۆ.

هەڵوێستی ناتۆ لە پرسی لیبیادا كۆدەنگ نییە، توركیا و ئەمریكا پشتیوانی لە ئیسلامییەكانی تەڕابلوس دەكەن، فەڕەنسا و یۆنانیش پشتیوانی سوپاس نیشتمانی لیبیان.

هەواڵەكان ‌ دژیەكن سەبارەت بە  هۆشداری فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفریقیا (ئەفریكۆم) لەوەی ڕوسیا دەست بەسەر بنكەی سەربازی جفره- ‌دا بگرێت لە ناوەڕاستی لیبیا، كە بە گرنگترین بنكەی سەربازی دادەنرێت لە لیبیا، هەندێكی دیكەش دەڵێن ڕوسیا بەنیازە بنكەیەكی سەربازی لە لە شاری تبڕق لە خۆرهەڵاتی لیبیا بنیات بنێت.

چاودێران بە دووری نازانن هەماهەنگییەكی ڕوسی – میسری هەبێت بە ئامانجی ڕازیكردنی خەلیفە حەفتەر بە قبوڵكردنی دەستتێوەردانی ڕوسیا له ‌ ژێر چەتری پەرلەمانی لیبیادا، تاوەكو دەستتێوەردانەكە فەرمی بێت و شەرعییەتێكی نێودەوڵەتیش وەرگرێت، حەفتەریش ئەمە بە مەترسی دەزانی بۆسەر هەژموونی خۆی و پێشی وایە هەژموون و دەسەڵاتی عەقیلە ساڵح بەهێزتر دەكات.

بە گوێرەی ڕێككەوتننامەی سخێڕات، بە هەمان شێوەی حكومەتەكەی تەڕابلوس و ئەنجومەنی سەرۆكایەتی، پەرلەمانی لیبیاش دامەزراوەیەكی شەرعی و دانپێدانراوی نێودەوڵەتییە، بۆیە چاوەڕێی ئەوە دەكرێت ڕوسیا پەرلەمانتارە لایەنگرەكانی خۆی بخاتەكار، تاوەكو ڕازیبن بەوەی مۆسكۆ دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ بكات، بە هەمان ئەو شێوەی توركیا و حكومەتەكەی سەڕاج ڕێككەوتنیان كرد بۆ ڕەنگڕێژكردنی سنوری دەریایی نێوانیان.

خەلیفە حەفترە پێشتر جاڕی ئەوەی دابوو كە فەرمانڕەوایی وڵاتی گرتۆتەدەست و ڕێككەوتننامەی‌ سخێڕات- ی هەڵوەشاندۆتەوە، ئەمشەش بۆ بەرگرتن لە عەقیلە ساڵح نەوەك جڵەوی وڵاتی بكەوێتەدەست. لەولاشەوە عەقیلە ساڵح پێشدەستییەكی سیاسی خستۆتەڕوو بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێی لیبیا كە سوپای لیبیا ڕەتیكرۆدتەوە و شێلگیریشە لەوەی ململانێكە بە هێزی سەربازی كۆتایی پێبێنێت.

لەو ماوەیەی پێشوودا، نزیكبوونەوەیەك لە نێوان عەقیلە ساڵح و ڕوسیا ڕوویداوە، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا، عەقیلە ساڵح لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی هۆزەكی شاری قبە لە خۆرئاوای لیبیا دەردەكەون كە چەند بەڵگەنامەیەكیان بەدەستەوەیە، گوایە چەند ڕاپۆرتێكی مۆسكۆن و ئاماژە بەوە دەدەن كە دۆخی ناوچەی خۆرئاوا خەریكی هەرەسهێنانە.

چاودێران پێیان وایە هاوكاتی سەردانەكەی حەفترە بۆ قاهیرە و شاندەكەی تەڕابلوس بۆ مۆسكۆ، ئامانجەكەی فشارخستنەسەر حەفتەرە كە بە پێشنیارەكەی ڕوسیا ڕازی بێت، مۆسكۆش بە پەلەیە زوو بە زوو تەگبیرسازی بۆ جێبەجێكردنی ئەو پلانەی‌ بكات.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی چوراشەممەی ڕابردووی سامح شوكری وەزیری دەرەوەی میسر بە هاوتا ڕوسییەكەیە‌وە، ئەو دەنگۆیانە پشتڕاست دەكەنەوە.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
نووسەر: مونا ئەلمەحروقی
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر