عێراق بەیاسا هەوڵی دەرکردنی کرێکارانی بیانی دەدات

عیراق

05/06/2020‌ 1126 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبد عەون عەبادی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پارێزگای بەسرە ڕایدەگەیەنێت کە لەماوەیەکی نزیکدا گفتوگۆ لەبارەی پرۆژە یاسای کۆتاییهێنان بە دەستی کاری دەرەکی بەشێوەیەکی تەواوەتی لە عێراق دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت .


عەبادی لەلێدوانێکدا باسی لەوە کردووە کە بەهۆی زۆری کرێکاری بیانییەوە عێراق بەگشتی و پارێزگای بەسرە بەتایبەتی بێکارییەکی زۆری تێدایە کە بەشی زۆری ئەو کرێکارانەش بەشێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە ناو وڵاتەوە ، جەختیشی کرۆدتەوە کە لە دانیشتنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاسای دەرکردنی سەرجەم کرێکارانی بیانی دەکرێت لەپێناو گەرەنتیکردنی نەچوونەدەرەوەی دراوی قورس بۆ دەرەوەی وڵات.


ئەو پەڕلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە دەبێت حکوومەت هەوڵی دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ گەنجانی ناوخۆ دەستەبەر بکات لەجیاتی هێنانی کرێکاری بیانی کە لەرێگای کۆمپانیا بیناییەکانەوە بۆ چەندین ساڵی داهاتوو دەستیان بەسەر ماڵی عێراقییەکاندا گرتووە.


لای خۆیەوە هومام شەمماع پسپۆری ئابووریی عێراقی دەڵێت  کۆمپانیا و نووسینگەکانی بەگەڕخستن  کەمی شارەزایی و لێهاتووی کرێکاری عێراقی لەکارکردن دەکەنە پاساو بۆ هێنانی کرێکاری بیانی بەتایبەت کریکاری ئاسیایی ، بەڵام لەراستیدا هۆکارەکەی کەمی حەقدەستی ئەو کریکارانەیە بەراورد بە کرێکارێکی ناوخۆیی .


بەگوێرەی وەزارەتی کارو لاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ، ژمارەی کرێکارانی بیانی لە وڵات زیاتر لە ٣٥٠ هەزار کرێکار دەبێت کە بەشی هەرە زۆریان لە کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکاندا کار دەکەن .

وەرگێڕان : ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی