سەرەڕای سزاکانی ئەمەریکا .. عێراق گرێبەستی هاوردەکردنی کارەبای بۆ دوو ساڵی تر لەگەڵ ئێران نوێکردەوە

عیراق

05/06/2020‌ 575 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێڕان : ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی رەزا ئەردەکانیان وەزیری وزەی ئێران رایگەیاندووە کە لەمیانی سەردانەکەی بۆ عێراق گرێبەستی دوو ساڵی بۆ هەناردەکردنی کارەبایان بۆ عێراق واژۆ کردووە ، لەکاتێکدا گرێبەستەکانی پێشووتر گرێبەستی یەک ساڵە بوون .

بەقسەی وەزیری وزەی ئێران دەستکەوتی سەردانەکەیان بۆ عێراق چوارسەد ملیۆن دۆلار بووە، واتە نیوەی ئەو پارەیەی دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی حکوومەتی عێراق بۆ هاوردەکردنی کارەبا دراوەتە لایەنی ئێرانی .

ئەردکانیان باسی لەوە کردووە کە لەکۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گفتوگۆ کراوە لەبارەی  ئەو رێکەوتنانەی لەماوەی رابردوو واژۆ کراون بەمەبەستی بووژاندنەوەی کەرتی کارەبای عێراق لەلایەن کۆمپانیا ئێرانییەکان ، هەروەک باسکردن لە گرێبەستەکانی هەناردەکردنی کارەبا بۆ عێراق دانوستانیان لەبارەوە کراوە .

نوێکردنەوەی گرێبەستی هاوردەکردنی کارەبا لەئێرانەوە دوای ئەوە دێت کە عەلی عەللاوی لەمیانی سەردانەکەی مانگی رابردووی بۆ سعوودییە رایگەیاند کە لەسەر کاراکردنی هیڵی کارەبای عێراق و سعوودییە رێککەوتووین و جەختیشی لە پابەندبوون بە سزاکانی ئەمەریکا کردەوە بۆ هاوردەنەکردنی غاز و کارەبا لە ئێرانەوە.

عەللاوی لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی تویتەر باسی لەوە کردبوو کە پابەندی بڕیارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دەبن بۆ نوێنەکردنەوەی بەخشینەکانی عێراق لە هاوردەکردنی غاز  وکارەبا لە ئێرانەوە . 

عەللاوی لە تویتێکی تردا ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو کە لەمیانی دیدارەکەدا، لەسەر پەرەپێدان بە بازاڕی وزە و وەبەرھێنان و بەشداریکردن لە پڕۆژەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا لە عێراق لەگەڵ لایەنی سعوودی رێککەوتوون .

لای خۆشییەوە جەمال کۆچەر پەڕلەمانتاری یەکگرتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە کردووە کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا مەرجی ئەوەی لەسەر حکوومەتی نوێی عێراق داناوە کە دەبێت گاز و کارەبا جگە لە ئێران لە شوێنی ترەوە هاوردە بکات .

بەقسەی کۆچەر حکوومەتی عێراق پابەندە بەوەی بۆ هاوردەکردنی کارەبا روو لە وڵاتانی تری وەک سعوودییە و کوێت یان وڵاتانی تر بکات .