شارپرێس:
جەنەراڵ
مایڵز کاکینز وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش جەختی کردۆتەوە کە لەدوای
بوون بە سەرۆک وەزیرانی مستەفا کازمی پەیوەندییەکانی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی
و هێزە عێراقییەکان رووی لەبەهێز بوون کردووە .
وتەبێژی
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، کە هاوپەیانێتییەکەیان لەڕێگای
هێرشی ئاسمانییەوە بۆسەر پێگەکانی داعش پشتیوانی هێزە عێراقییەکانیان کردووە
بەجۆرێک لەمدواییەدا ٤٥ هێرشی ئاسمانیان کردۆتەوە سەر مۆڵگەکانی ئەو ڕێکخراوە
تیرۆریستییە .
کاکینز لەبەشێکی
تری لێدوانەکەیدا باسی لە هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات
کردووە و رایگەیاندوە، ئەوان پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن بەتایبەت لەو
ناوچانەی شانە نووستووەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشی لێیە ، بۆئەوەش چەندین هێرشی
ئاسمانیان کردۆتە سەر پێگەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سوریا ، بەتایبەت
لەناوچەی دێرەزوور و رۆژهەڵاتی فورات.
بەقسەی
کاکینز ئامانجی سەرەکی ئەوان ئەوەیە کە بوار بۆ داعش نەرەخسێنرێت لە عێراق وسوریا خۆی ڕێکبخاتەوە ، هەربۆیە بەردەوام دەبن
لە هێرشەکانیان بۆسەر داعش تا ئەوکاتەی بەتەواوەتی لەنێو دەبرین .
سەربارەت
بە شانە نووستووەکانی داعش ، کاکینز گوتویەتی ئەوان ژمارەی شانە نوستووەکانی داعش
نازانن ، بەڵام گومانیان هەیە ئەو ڕێکخراوە لەئێستادا بتوانێت ناوچەیەکی تەواوەتی
داگیر بکات ، بەڵکو تەنیا لەچەند ناوچەیەک بۆمب لەسەر ڕێگاکان دەچێنن .
ئەو
ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ڕوون نییە کاتی پێویست بۆ کۆتایی هێنانی یەکجارەکی داعش
چەندە ، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە ئەوان لەگەڵ هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سوریای
دیموکرات هەماهەنگی دەکەن ، بەشێوەیەک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ملیارێک
دۆلاری لە یارمەتیی مرۆیی و سەربازییەکان لەو ناوچانە خەرج کردووە .
کاکینز
جەختی کردۆتەوە کە دانانی مستەفا کازمی بەسەرۆک وەزیران پەیوەندی و
هەماهەنگییەکانی نێوان هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەهێز کردووە ،
هەروەک لەماوەی هەفتەی رابردوودا هاوپەیمانێتییەکە پرۆسەیەکی سەربازی هاوبەشیان
لەگەڵ هێزەکانی پیشمەرگە و هێزە عێراقییەکان ئەنجامدا .
وەرگێڕان : ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی