پێش نانخواردن ئەو پێنج خووە مەترسیدارە ئەنجام مەدە

تەندروستی

06/06/2020‌ 778 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شارەزایانی تەندروستی هۆشداری دەدەن بەوەی هەندێك لە خوو و دابی هەڵە، كە هەندێك كەس پێش نانخواردن پەیرەوی لێدەكەن زیانی گەورەی تەندروستی بۆیان دەبێت.

بەگوێرەی پێگەی "ئیت زیس"، ناوەندەكانی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكان و خۆپاراستن لێیان ئاشكرایان كردووە، كە هەندێك رەفتار وادەكەن خواردنەكان زیان بەتەندروستی بگەینن ‌و بەكتریا و ڤایرۆسەكان بۆ جەستە بگوازنەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، شووشتنەوەی هێلكەی كاڵ و گۆشت دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی میكرۆب و خۆرەكان لەسەر رووی چێشتخانەكەو دەبێت بزانرێت باشترین ڕێگا بۆ رزگاربوون لەو میكرۆبانە بریتییە لە چێشتلێنانێكی باش و دروست .

راپۆرتەكە هۆشداری داوە لە تامكردنی خواردن بۆ زانینی ئەوەی بەسەرچووە یان نا، لەبەر ئەوەی ئەو پارچەیەی تام دەكرێت ئەگەر بێت و تێكچووبێت ئەوە رەنگە ژمارەیەكی زۆر لە بەكتریای زیانبەخشی لەسەر بێت و دواجار ببێتە هۆی درووستبوونی گرفتی تەندروستی.

هەروەك ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، كە نەشووشتنەوەی دەستەكان پێش چێشت لێنان دەبێتە هۆی گواستنەوەی ژمارەیەكی زۆر لەو خۆرە و میكرۆبانەی بەسەر دەستی كەسەكەوەیە و لەكاتی دەستلێدانی بۆ ناو خواردنەكە دەگوازرێتەوە .

شارەزایان دەڵێن: خواردنی ئارد و هێلكەی كاڵ دەبێتە هۆی گواستنەوەی میكرۆبی زیانبەخش و بەكتریای چیلكەی كۆڵۆن، لەبەر ئەوە دەبێت هەوڵ بدرێت نانكارییەكان پێش خواردنیان زۆر جوان ببرژێنرێن.

هۆشداریش دراوە لەجێهێشتنی خواردنەكان لە پلەی بەرزی گەرمای ژووردا، لەبەر ئەوەی میكرۆبەكان بۆ ماوەی دوو سەعات لەسەر ئەو خواردنە لێنراوانەدا دەژین، كە لە پلەیەكی گەرمی ئاساییدا جێهێڵراوە، بۆیە دەبێت خواردنە لێنراوەكان بخرێنە بەفرگرەوە، ئەگەر هات و زۆر گەرم بوو ئەوە دەبێت ماوەیەك چاوەڕی بكەین تا سارد دەبێتەوە ئینجا بخرێتە بەفرگرەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی


بەپەلە